سەردێڕ:

سودانی: یەدەگی نەوتی عێراق ١٥٠ ملیار بەرمیلە

PM:05:48:03/12/2025

1108 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، وڵاتەکەی خاوەن یەدەگێکی گەورەی نەوتە، کە دەگاتە ١٥٠ ملیار بەرمیل، داوا دەکات پشکی هەناردەی عێراق لە ئۆپیکدا هەڵسەنگاندنەوەی بۆ بکرێت، بە شێوەیەک لەگەڵ قەبارەی گەورەی یەدەگی نەوتی عێراق بگونجێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٣ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەشداریی لە کۆنفرانسی وزەی عێراق كرد و وتی، "کۆنفرانسەکە دەرفەتێکە بۆ ئاشنابوون بە سیاسەت و بەرنامەکانی دەوڵەت لە کەرتی وزەدا."

وتیشی، "حکومەت هەوڵدەدات تا ساڵی ٢٠٣٠، ٤٠٪ـی بەرهەمی نەوت بکاتە پیشەسازیی گۆڕانکاری، لەبری پشتبەستن بە هەناردەکردنی نەوتی خاو، "جەختیشی کردەوە کە ئەوە "بەرهەمە نەوتییەکان، وزەی نوێبووەوە و پیشەسازییە پەیوەندیدارەکان دەگرێتەوە."
هاوکات سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای کرد، "پشکی هەناردەکردنی عێراق لە رێکخراوی ئۆپیکدا هەڵسەنگاندنەوەی بۆ بکرێت، بە شێوەیەک لەگەڵ قەبارەی گەورەی یەدەگی نەوتی عێراق و توانای بەهێزکردنی دابینکردنی وزەی جیهان رەنگ بداتەوە."

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەگوێرەی داتاکانی "Global Fire Power"، عێراق خاوەنی پێنجەم گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهانە و رۆڵێکی سەرەکی لە دابینکردنی وزەی جیهانیدا دەبینێت، ئەم یەدەگە زۆرە توانایەکی گەورەی بۆ عێراق خوڵقاندووە تا ببێتە هەناردەکارێکی سەرەکی نەوت و کاریگەری لەسەر بازاڕی وزەی نێودەوڵەتی هەبێت.













گەلەری