بەرگری شارستانی دەڵێت، تەرمی گەنجێکی نەناسراویان لەئاوی زێی گەورەدا لە سنووری کەڵەک دۆزیوەتەوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە ١ـی کانونی دووەمی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێن، کاتژمێر ١٢:٥٠ خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هاوڵاتیانی گوندی زەنگەڵ ئاگاداریکردوونەتەوە لەوەی کە تەرمێک لە زێێ گەورە، لە سنووری کەڵەک سەرئاو کەوتووە.
وتیشی، دوای ئاگادارکردنەوەیان تیمی ژێرئاوی خەبات چوونەتە شوێنەکە و
تەرمەکەیان دەرهێناوەتەوە و رادەستی پۆلیسی ناحیەی کەڵەکیان کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا هۆکاری خنکانی ئەو کەسە نادیارە و بۆ
لێکۆڵینەوە لە هۆکاری خنکانەکەی تەرمەکە براوەتە پزیشکی دادی هەولێر.
هاوکات بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هاوڵاتییەکە لە رەگەزی نێرە و
ناسنامەی نادیارە، تەمەنی نزیکەی ٢٥ ساڵە.