سەردێڕ:

ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی سودانی و نێردەی تایبەتی ترەمپ

PM:10:05:30/11/2025

1644 جار خوێندراوەتەوە

سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق و نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ سوریا باسیان له‌ پاڵپشتیكردنی سه‌قامگیری سوریا و بوژانه‌وه‌ی ئابووری و رێگریكردن له‌ هه‌ر په‌ره‌سه‌ندنێكی زیاتر له‌ ناوچه‌كه‌ كرد.


ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه ٣٠ـی تشرینی دووەمـی ٢٠٢٥،‌ نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق لە راگەیەندراوێکدا وتی،، محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران پێشوازی له‌ تۆم باراك، نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ سوریا كرد.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، "له‌ میانی دیداره‌كه‌دا باسیان له‌ چۆنێتی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ كرد كه‌ عێراق له‌ رێگه‌یه‌وه‌ بتوانێت به‌رده‌وام بێت له‌ پاڵپشتیكردنی سه‌قامگیری سوریا و ئاسایش و خۆشگوزه‌رانی و بوژانه‌وه‌ی ئابووری، كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا سه‌قامگیری و خۆشگوزه‌رانی عێراق به‌هێزتر بكات".

دەشڵێت، گفتوگۆیانکرد لەبارەی رێگریكردن له‌ هه‌ر په‌ره‌سه‌ندنێكی زیاتر له‌ ناوچه‌كه‌ و پاڵپشتیكردنی رێڕه‌وی دیپلۆماسی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كان و دانانی ناوچه‌كه‌ له‌سه‌ر رێگای هاوكاری و گه‌شه‌ی ئابووری و سه‌قامگیری درێژخایه‌ن.
راشیگه‌یاند كه‌ تۆم باراك جه‌ختی له‌و رۆڵه‌ بنیاتنه‌ر و گرنگه‌ كرده‌وه‌ كه‌ عێراق ده‌توانێت بیگێڕێت بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ هاوبه‌شه‌كان.













گەلەری