سەردێڕ:

دەستەى دەستپاکیی عێراق لەسەر دەنگۆی دیارنەمانی دوو تریلیۆن دینارەکە هاتەدەنگ

PM:11:48:25/11/2025

1212 جار خوێندراوەتەوە

دەستەى دەستپاکیی عێراق دەڵێت، دوای بەدواداچوون و وردبینى ئەو دوو تریلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینارەی وەزارەتی سندوقی چاوێریی کۆمەڵایەتی کە لە ژێر گوماندا بوو، لە شوێنی خۆیدایە و خەرج نەکراوە.


ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣ـی تشرینى دووەمى ٢٠٢٥، لە راگەیەندراوێکدا دەستەى دەستپاکیی عێراق بڵاویکردەوە، بە پشتبەستن بە بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکان لێکۆڵینەوە لەنێوان وەزارەتی دارایی، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و بانکی رافیدەین ئەنجامدراوە، تیمەکانیان کاری وردبینی کردووە و دەرکەوت، ئەو بڕە پارەیە بە تەواوی بوونی هەیە و نەکێشراوەتەوە و خەرج نەکراوە، هەروەها نەگواستراویشەوە و لە شوێنى خۆیدایە.

وتیشی، پێداچوونەوەی ورد بە بەڵگەنامەکان و رێکارە دارایی و کارگێڕییەکاندا کراوە و بەڕوونی دەرکەوت، ئەو بڕە پارەیەی کە لە ژێر گوماندابوو بە تەواوی بوونی هەیە لەسەر هەژمارى (٥٦٨)، کە سەر بە تۆڕى پاراستنی کۆمەڵایەتیی وەزارەتی کاروکاروبارى کۆمەڵایەتیى عێراقە دەستکارى نەکراوە.

ئەوەش دوای ئەوەی ئەحمەد ئەسەدى، وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتیى عێراق لە دیمانەیەکى تەلەڤزیۆنیدا وتی، سندوقی چاودێريی کۆمەڵایەتی کە سەرمایەکەی لە وەبەرهێنان یان پشکی سندوقەکە لە قازانجی کۆمپانیاکانەوە دێت، نزیکەى دوو تریلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار لە بانکى رافیدەین لەسەر هەژماری سندوقی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەرهێنراوە.













گەلەری