سەردێڕ:

حکومەتی سوریا رازیبووە بە هەموارکردنەوەی چەند بڕگەیەک لە دەستووری کاتیی سوریا

PM:08:29:23/11/2025

1176 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی سوریا لەپێناو دانپێدانان بە کۆمەڵگەی کوردی، رازیبوو بە هەموارکردنەوەی چەند بڕگەیەک لە دەستووری کاتیی سوریا، لەگەڵ هەسەدەش لەسەر تێکەڵکردنی دەزگا سەربازی و مەدەنییەکانیش رێککەوتن.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، چاوگێک لە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێت، لە مانگی رابردوودا دوو کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی سوریا ئەنجامدران کە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە تیایاندا بەشداربووە، لە کۆبونەوەکاندا هەردوولا گەیشتنە رێککەوتن سەبارەت بە یەکخستنەوەی هێزەکانی هەسەدە لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا.

بە وتەی ئەو چاوگە، هەسەدە لیستێکی ٧٠ کەسی ناردووە بۆ دیمەشق بۆ وەرگرتنی پۆستی ئیداری و سەربازی لەناو حکومەتی نوێی سوریا.

هەروەها بڕیارە ئەنجومەنی سەربازی دێرەزور ببێتە بەشێک لە سوپای سوریا بە مەرجی پاراستنی ناسنامە و تایبەتمەندی و پلەی سەربازییان.

هاوکات، حکومەتی سوریا رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر هەموارکردنەوەی هەندێک بڕگەی جاڕنامەی دەستوری، لەپێناو جێكردنەوەی هەردوو بڕگەی یەکەمی رێککەوتنی مانگی ئازار لە دەستورەکەدا.

بڕگەی یەکەمی رێککەوتنەکەی مانگی ئازار، گەرەنتی بەشداریکردنی هەموو سورییەکان دەکات لە پڕۆسەی سیاسی لەو وڵاتە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، دووەميشیان دانپێدانانی کۆمەڵگەی کوردی وەک بەشێکی رەسەن لە دەوڵەتی سوریا، لەگەڵ بڕگەکانی دیکەی پەیوەست بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەکان، سەرچاوەکانی وڵات، گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، بەرەنگاربونەوەی پاشماوەکانی رژێمی پێشوو و رەتکردنەوەی بانگەوازەکانی دابەشبون و گوتاری رق و کینە.

 













گەلەری