دواى ئەوەى وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى عێراق بە میدیا عێراقییەکانى وت، بڕى دوو ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینارى سندوقى چاودێریی کۆمەڵایەتی عێراق، دیار نەماوە، وەزارەتى دارایى عێراق روونکردنەوە دەدات و دەڵێت، هیچ بڕە پارەیەک لە هەژماری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی نەبراوە، تەنها هەژمارەکە سڕ کراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، وەزارەتى دارایى عێراق وەڵامی لێدوانێکی ئەحمەد ئەسەدى، وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتی دایەوە و وتی، هیچ بڕە پارەیەک نەبراوە و ئەو لێدوانە تەلەفیزیۆنییەی وەزارەتی کار سەبارەت بە راکێشانی بڕە پارەیەک لە هەژماری تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی زانیاری نادرووستە.
ئاماژەی بەوەشکرد،
لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە هەژماری بانکی تایبەت بە
تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی کراوەتەوە و بە شێوەیەکی ناوەندی بودجەی بۆ تەرخان
کراوە، ئامانجی سەرەکی ئەم هەژمارە تەنها خەرجکردنی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی
بووە، بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە ١١ـی ساڵی ٢٠١٤، پاراستنی کۆمەڵایەتی.
وتیشی، وەزیرى
کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی دروست بەدواداچوونی نەکردووە بۆ باڵانسی هەژمارەکە، سەرەڕای ئەوەی بڕە
پارەیەکی تێدایە کە لەگەڵ هەژمارەکەدا ناگونجێت و ئەم پارانە بریتی بوون لە بڕە
پارەی گەڕاوە لە کارتی زیرەکی سوودمەندانی پاراستنی کۆمەڵایەتی بۆ ساڵانی ٢٠١٥ تا
٢٠٢٥، و هەژمارەکە بڕە پارەی تەمویلی گوازراوەی لە وەزارەتی داراییەوە تێدایە، جگە
لە بڕە پارەی گەڕاوە لە کارتی زیرەکی سوودمەندانی پاراستنی کۆمەڵایەتی، و ئەم
پارانە هێشتا لەناو هەژمارەکەدان و رانەکێشراون.
وەزارەتی
دارایی ئاماژەی بەوەشدا، بە تەواوی پابەندە بە یاسا و رێنماییەکان و بەردەوام
دەبێت لە هاوکاری لەگەڵ دەستە چاودێرییەکان بۆ دەرخستنی تەواوی راستییەکان و دڵنیابوون
لەوەی کە سامانی گشتی بۆ هیچ مەبەستێکی دەرەکی بەکارناهێنێت.
وەزارەتی
دارایی داواش لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، پێش بڵاوکردنەوەی هەر
لێدوانێک کە ببێتە هۆی سەرلێشێواوی بۆ رای گشتی، وردبینی بکەن.