سەردێڕ:

بەم نزیکانە گەشتی ئاسمانی لەنێوان بەغدا و ئەسینا دەستپێدەکات

AM:10:25:23/11/2025

848 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی یۆنان داوا دەکات، لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا گەشتە ئاسمانییەکان لە ئەسیناوە بۆ بەغدا بە هێڵی ئیجیەن ئەنجامبدرێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، مەیسەم سافی، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دوای جێبەجێكردنی ٢٦ پڕۆژە پێشكەوتنێكی بەرچاوی لە ئاستی خزمەتگوزارییەكانی بەخۆیەوە بینی، لە ئەنجامی چەندین سەردانی دەسەڵاتدارانی فڕۆكەوانی مەدەنی نێودەوڵەتی بۆ دڵنیابوون لە ئاستی خزمەتگوزاری و کوالێتیەکەی ئەو بڕیارە دراوە و ساڵی ئایندە، وڵاتانی دیکەش گەشتی راستەوخۆ بۆ بەغدا لە پایتەختەکانییانەوە دەخەنە پلانیانەوە.

ئاماژەی بەوەشدا،  لە نێو ئەو دەسەڵاتانەدا دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی یۆنان هەبوو، كە سەردانی فڕۆكەخانەی بەغدای كرد و گەشتێكی پشكنینی ئەنجامدا، لە گەشتەكەدا چاودێری پێشكەوتنی بەرچاویان كرد لەدوای جێبەجێكردنی كۆمەڵێك پڕۆژە، هەروەها پەرەسەندنی ئاستی خزمەتگوزارییە پێشكەشكراوەكان و پابەندبوون بە ستانداردە نێودەوڵەتییەكان.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پڕۆژانە هانی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی یۆنانیان داوە بۆ پێشكەشكردنی داواكارییەك بۆ ئەنجامدانی گەشتەكان لە یۆنانەوە بۆ بەغدا، پێشبینیش دەكرێت یەكەم گەشتی هێڵی ئاسمانی ئەوروپی یۆنانی هێڵی ئاسمانی ئیجیەن لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەدا رووبدات، ئەوە لەگەڵ ئەوەی، داواكاری كۆمپانیاكانی دیكە و لە وڵاتانی جیاوازەوە بۆ ئەنجامدانی گەشتەكانیش بۆ بەغدا هەیە.

هاوکات، ئەم هاتوچۆ ئاسمانییە لە بەرژەوەندی بەغدایە چونکە لەماوەی رابردوو، لەژێر مەرجی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی ئەوروپی بوو، بەوەی ئاستی خزمەتگوزاری وەک پێویست نییە، بۆیە گەشتی راستەوخۆی بۆ ئەنجام نەدەدرا.













گەلەری