سەردێڕ:

مەسعود پزیشکیان؛ نۆیەم سەرۆک کۆماری ئێران کێیە؟

PM:01:11:06/07/2024

4860 جار خوێندراوەتەوە

مەسعود پزیشكیان لە هەڵبژاردنی خولی ١٤ـیەمینی سەرۆکایەتی ئێراندا توانی بە بەدەستهێنانی ٥١.١٪ـی دەنگەکان ببێتە سەرۆک کۆماری نۆیەمی ئێران.


دوای ئەوەی لە خوولی یەکەمدا هیچ کام لە بەربژێرەکان نەیانتوانی ٥٠+١ـی دەنگەکان بەدەست بهێنن، رۆژی ٥ـی حوزەیرانی ئەمساڵ خوولی دووەمی هەڵبژاردنی نۆیەمین سەرۆک کۆماری ئێران بەڕێوەچوو، هەریەك لە مەسعود پزیشكیان و سەعید جەلیلی كێبڕكێی بردنەوەی زۆرترین دەنگیان دەكرد بۆ ئەوەی ببنە سەرۆككۆماری ئێران، لە ئەنجامیشدا پزیشکیان لە جەلیلی بردەوە.

پزیشکیان کێیە؟

مەسعود پزیشکیان لە ٢٩ـی ئەیلوولی ١٩٥٤ لە شاری مەھاباد لە باوکێکی ئازەری و دایکێکی کورد لەدایک بووە، دوای وەرگرتنی بڕوانامەی دیبلۆم لە ساڵی ١٩٧٣ـدا رووی لە زابۆل کرد بۆ ئەوەی خزمەتە سەربازییەکەی ئەنجام بدات، وە لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا وەک سەرباز و وەک پزیشکیش کاری کردووە.

پزیشکیان لە ساڵی ١٩٨٥ـدا، خولی پزیشکیی گشتی تەواو کرد و لە کۆلێژی پزیشکی دەستی بە وانەوتنەوەی فیزیۆلۆژی کردووە تا لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٩٠ـدا، پسپۆڕیی نەشتەرگەریی گشتی لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تەبرێز بەدەستھێنا.

ژیانی سیاسیی پزیشکیان؛

مەسعود پزیشكیان سیاسەتمەدارێکی ریفۆرمخوازی ئێرانە و نوێنەرایەتی تەبرێز دەکات لە پەرلەمانی ئێران، لە کابینەی محەممەد خاتەمی لە ساڵی ٢٠٠١ بۆ ٢٠٠٥، وەزیری تەندروستی بووە.

لە ساڵی ٢٠١٦ بۆ ٢٠٢٠ پزیشکیان وەک جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڵبژێردرا و لەو پۆستەدا کاری کردووە.

پزیشکیان یەکەم جار لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی ٢٠١٣ خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ئێران کاندید کرد، بەڵام دواتر کشایەوە، لە ساڵی ٢٠٢١ خۆی کاندید کردەوە، تا لە کۆتاییدا لە رۆژی ٥ـی حوزەیرانی ئەمساڵ وەک نۆیەمین سەرۆک کۆماری ئێران هەڵبژێردرا.

کارەکانی پزیشکیان بەر لە بوون بە سەرۆک کۆماری ئێران؛

یەکەم؛ پزیشکیان لە ساڵی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٥ و لە کابینەی سەرۆکایەتی محەممەد خاتەمیدا بووە وەزیری تەندروستی.

دووەم؛ لە ساڵی ٢٠١٠ـدا ھەوڵەکانی بۆ بوون بە جێگری سەرۆکی پەرلەمان شکستیان ھێنا.

سێیەم؛ لە ساڵی ٢٠١٦ بۆ ٢٠٢٠ بووە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران.

جگە لە پۆست و بەرپرسیاریەتی حکومی، پزیشکیان مامۆستای قورئان و بێژەری نەھجول بەلاغەیە کە دەقێکی سەرەکییە بۆ شیعەکان، کە بەهۆیەوە لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٨ـدا لە تەبرێزەوە وەک یەکێک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئێران ھەڵبژێردرا.

پزیشکیان ئێستاش لە پەرلەمانی ئێران نوێنەرایەتی تەبرێز دەکات و ھەروەھا ئەندامی کۆمەڵگەی ھاوڕێیەتیی ئێران و تورکیایە.

پزیشکیان داوای چی کرد؟

پزیشکیان لەیەکەم ساتی دیاریکردنی وەک نۆیەم سەرۆک کۆماری ئێران، داوای کرد کە ماددەی ١٥ـی دەستووری ئێران بۆ ھەموو نەتەوەکان وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.

ماددەی ١٥ـی دەستووری ئێران پەیوەستە بە زمانی فارسی؛

بەگوێرەی ئەو ماددەیە زمان و رێنووسی فەرمی و ھاوبەشی خەڵکی ئێران فارسییە و دەبێت فارسی بێت و هیچ زمانێکی دیکە لە رێنووسی بەڵگەنامەکان و نوسراوە فەرمییەکان و کتێبی قوتاخانەکان دەبێت بە فارسی رێنوس بکرێت نەوەک زمانێکی دیکە.

هەر بە گوێرەی ماددەکە بەکارھێنانی زمانێکی دیکە بێجگە لە فارسی لە راگەیاندن و میدیا گشتییەکاندا و فێرکردنی وێژەی قوتابخانەکان و زانکۆکان رێگەپێدراوە، وەک زمانی کوردی.

'بژی کوردستان'

مەسعود پزیشکیان بەهۆی ئەوەی دایکی کوردە، دەتوانێت بە کوردییەکی رەوان قسە بکات، لە میانەی بانگەشەی هەڵبژاردن و گەڕانەوەی بۆ ناوچە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە دەنگی بەرز لە وتاریکدا رایگەیاند، ئیمە رۆڵەی یەک خاکین و بۆ ئەومەبەستەش خزمەت بە یەکتری دەکەین. وتیشی، "بژی کوردستان".













گەلەری