سەردێڕ:

وڵاتانی کەنداو پشتبەستنى ئابورییەکانیان بە داهاتى نەوتی کەم کردووەتەوە

PM:09:31:25/06/2024

1152 جار خوێندراوەتەوە

وڵاتانی کەنداو کاردەکەن بۆ ئەوەی ئابووریەکانیان لە پشتبەستن بە داهاتی نەوت دوور بخەنەوە و داهاتەکانیان فرەچەشن بکەن، هەر یەک لە سعودیە و ئیمارات و عێراق داهاتى نانەوتییان بەڕێژەیەکى بەرچاو زیاد کردووە.


بەپێی داتاکانی دەستەی گشتیی ئاماری سعودیە، هەناردەکردنی نانەوتی وڵاتەکە لە ماوەی مانگی نیسانی ٢٠٢٤ گەیشتوەتە ٣٧.١٪ کە ئەمەش بە رێژەی ١٢.٤٪ زیادی کردووە، بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو.

هاوکات بەگوێرەی راپۆرتی پێشبینی ئاماری بازرگانی جیهانی، ئیمارات لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا، توانیویەتی داهاتی نانەوتی وڵاتەکەی بە رێژەی ٦٥٪ زیاد بکات و لە ئێستادا داهاتی نانەوتی ٧٤٪ـی بەرهەمى ناوخۆیی وڵاتەکە پێکدەهێنێت و لەو ماوەیەدا ئەو وڵاتەى کەنداو بە بەهای یەک ترلیۆن و ٢٧٣ ملیار دۆلار شمەک و خزمەتگوزاریی هەناردە کردووە.

عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەی کار لەسەر زیادکردنی داهاتی نانەوتی دەکات و بەپێی نوێترین راپۆرتى وەزارەتى دارایی عێراق بۆ داهاتەکان لە چوار مانگی رابردوودا، داهاتى نانەوتى بۆ نزیکەی ١٢٪ بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا ساڵى رابردوو داهاتی نانەوتی تەنها ٧٪ی داهاتى گشتى عێراقی پێکدەهێنا.

لەوبارەیەوە جاسم محەمەد بەداوی، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو رایگەیاند، وڵاتانى کەنداو سودێکی زۆر دەبینن لە فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، چونکە هاوبەشی ستراتیژیی و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان زیاد دەکات و هاوکات دەبێتەهۆی فراوانکردنی ئاسۆی بازرگانی جیهانی و رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان.

دەشڵێت، زیادکردنی داهاتی نانەوتی ژێرخانی ئابووری وڵاتانی کەنداو بەهێز دەکات و لەبەرامبەر هەڵاوسانە ناوچەیی و جیهانیەکان دەیانپارێزێت و گەشە بە ئابووریەکانیان دەدات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، جەختکردنەوەى وڵاتە گەورە پیشەسازییەکانى جیهان لەسەر زیادکردنى بەکارهێنانى وزەى پاک لەوانەش وزەى خۆر و با بۆ دروستکردنى کارەبا تا دێت هەرەشەکان لەسەر بازاڕى نەوت و غاز زیاد دەکات و وڵاتانى هەناردەکارى نەوتیش تێگەیشتوون کە دەبێت خۆیان بۆ ئەو قۆناغە ئامادەبکەن.













گەلەری