وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، بەپێی وردەکاری پلانەکانی کۆتاییهێنان بە بەفیڕۆدانی غاز کە لە ماوەی رابردوودا دایان ناوە، پێشبینی دەکەن لە سێ بۆ پێنج ساڵی داهاتوودا سوتانی غاز کۆتایی پێ بێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لە کۆتایی ئەمساڵدا پڕۆژەی غازی بەسڕە بە توانای بەرهەمهێنانی ٢٠٠ ملیۆن پێ سێجا غاز لە رۆژێکدا دەکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەی یەکگرتووی غازی باشووری عێراق کە لە پێنج کێڵگە
پێکدێت، لە توانایاندایە رۆژانە ٦٠٠ ملیۆن پێ سێجا غاز بەرهەم بهێنێت.
ئەوەشی خستە روو، بەپێی وردەکاری پلانەکانی کۆتاییهێنان بە بەفیڕۆدانی غاز،
پێشبینی دەکەن لە سێ بۆ پێنج ساڵی دیکەدا، بەفیڕۆدانی غاز کۆتایی پێ بێت و سودێکی زیاتر لەو غازە ببینین کە بەرهەمی
دەهێنن و بەتەواوەتی هاوردەکردنی غاز لە دەرەوە رابگرن.
دوێنێ دووشەممە، عەلا حەیدەری، ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند،
هاوردەکردنی غاز بارگرانی لەسەر بودجەی گشتی عێراق دروست کردووە. وتیشی، تا ساڵی
٢٠٢٧ عێراق دەگات بە ئاستی خۆبژێوی لە بەرهەمهێنانی غاز و هاوردەکردن رادەگرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بەرهەمهێنانی غاز لە عێراق بۆ زیاتر لە یەک ملیار و ٩٠٠
ملیۆن پێ سێجا بەرز بووەتەوە و لەو بڕەش٦٠٠ ملیۆن پێ سێجا غاز بەفیڕۆ دەچێت بەهۆی سوتانییەوە، ئەگەر بەتەواوی کۆتایی
بە بەفیڕۆدانی غاز بهێنرێت، رۆژانە عێراق دەتوانێت نزیکەی دوو ملیار و ٢٠٠ ملیۆن پێ
سێجا غاز لە رۆژێکدا بەرهەم بهێنێت.