کام جۆرەی چا دەبێت نەخۆشانی شەکرە بیخۆنەوە؟

PM:01:58:10/04/2024

3736 جار خوێندراوەتەوە

چا بە هەموو جۆرەکانییەوە خواردنەوەیان بە شێوەیەکی رۆژانە و رێکخراو، سوودێکی یەکجار زۆر بە هەموو ئەندامانی جەستە و تەندروستی دەگەیەنن، زۆربەیان بۆ جۆرە نەخۆشییەک دیاریکراون و دەتوانن کۆنترۆڵی نەخۆشییەکە بکەن، لەوانەش نەخۆشی شەکرە.

بەپێی بابەتێکی ماڵپەڕی "هێلس لاین" ، چاری دارچینی یارمەتیدەرە لە بەڕێوەبردنی شەکر لە خوێندا، لەڕێگەی زیادکردنی هەستیاری ئەنسۆلین و کەمکردنەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا دوای نان خواردن.

نەخۆشی شەکرە نەخۆشییەکی بەربڵاوە کە کاریگەری لەسەر زیادبوون و کەمبوونی شەکری خوێن هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی نەخۆشی درێژخایەن وەک نەخۆشی دڵ و نەخۆشی گورچیلە و تێکچوونی دەمارەکان.

دارچینی، بەهاراتێکی باوە و دەخرێتە ناو خواردنە شیرین و تامدارەکانەوە لە سەرانسەری جیهاندا، چەندین سوودی تەندروستی دەبەخشێت، لەوانە یارمەتیدانی دابەزاندنی شەکری خوێن و هاوسەنگکردنی.

لە کەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شەکرە، پەنکریاس ناتوانێت ئەنسۆلینی پێویست بەرهەم بهێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا، بەڵام چای دارچینی یارمەتی دابەزاندنی شەکری خوێن و بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی شەکرە دەدات.

توێژینەوەیەک لەسەر ٨٠ کەسی تووشبوو دەرکەوتووە، رۆژانە خواردنی ١.٥ گرام تۆزی دارچینی یان دوو کووپ چای دارچینی بۆ ماوەی ١٢ هەفتە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی ئاستی ئەنسۆلین و باشتربوونی هەستیاری ئەنسۆلین و دابەزاندنی شەکری ناو خوێن.