ئینستاگرام تایبەتمەندییەکی نوێ زیاد دەکات

PM:01:49:02/03/2026

6952 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای "میتا" هەنگاوێکی نوێ و هەستیار لە ئینستاگرامدا دەنێت، ئەمجارەیان بۆ پاراستنی مێردمنداڵانە لە مەترسییەکانی خۆئازاردان و خۆکوشتن، بەڵام بە هاوکاری راستەوخۆی دایک و باوکان.

ئینستاگرام ڕایگەیاند، لەمەودوا ئەگەر مێردمنداڵێک لەناو ئەپەکەدا بەدوای وشە یان زاراوەی پەیوەندیدار بە "خۆکوشتن" یان "ئازاردانی خۆی" بگەڕێت و گەڕانەکان دووبارە ببنەوە، دەستبەجێ نامەیەکی ئاگادارکردنەوە بۆ دایک یان باوکی دەچێت.

مەرجەکانی چالاکبوونی ئەم تایبەتمەندییە بەم شێوەیە، دەبێت هەردوو لایەن (مێردمنداڵەکە و باوانی) ڕەزامەند بن لەسەر چالاککردنی ئامرازەکانی سەرپەرشتی"Supervision Tools"، پاشان ئاگادارکردنەوەکان لە ڕێگەی ئیمەیڵ، نامەی مۆبایل، یان واتسئەپەوە بۆ باوان دەنێردرێت.

ئەم هەنگاوەی میتا تەنها بۆ خزمەت نییە، بەڵکو دوای زنجیرەیەک فشاری یاسایی توند دێت لە ئەمریکا، کۆمپانیاکە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی پلاتفۆرمەکانی بە جۆرێک دروستکردووە کە مێردمنداڵان تووشی "ئاڵوودەبوون" دەکات و کاریگەری خراپی لەسەر دەروونیان هەیە.

هەندێک لە شارەزایانی پاراستنی منداڵان دەڵێن "میتا دەیەوێت بارگرانی پاراستنی منداڵان بخاتە ئەستۆی دایک و باوکان، لەبری ئەوەی خودی پلاتفۆرمەکە بە جۆرێک دیزاین بکات کە سەلامەت بێت." دەشڵێن تەنها ئاگادارکردنەوە بەس نییە و دەبێت سیستەمی پێشنیارکردنی ڤیدیۆکان (Algorithm) بگۆڕدرێت.

میتا پلان دادەنێت ئەم چاودێرییە فراوانتر بکات، لە داهاتوودا ئەگەر مێردمنداڵێک لەگەڵ زیرەکی دەستکردی ناو ئینستاگرامیشدا باسی خۆکوشتن یان خەمۆکی بکات، دایک و باوکی ئاگادار دەکرێنەوە.