خاوەنی ئۆتۆمبێلێکی گرانبەهایە و بێ ماڵە

PM:03:41:17/02/2026

14460 جار خوێندراوەتەوە

رووداوێکی سەیر و سەمەرە لە فەرەنسا پۆلیسی تووشى شۆک کردووە، شۆفێرێکی بێ ماڵ و حاڵ ئۆتۆمبێلێک لە جۆری فێراری لێدەخوڕێت و هاوکاری کۆمەڵایەتی وەردەگرێت.

پۆلیسی هاتووچۆی ناوچەی فوکلوزی فەرەنسا، ئۆتۆمبێلێکی فێرارییان راگرت کە بە خێراییەکی زۆرەوە (نزیکەی 250 کم/کاتژمێر) دەڕۆێشت، سەیرەکە لەوەدابوو کاتێک پۆلیس لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ شۆفێرەکە کرد، بۆیان دەرکەوت ئەو کەسە هیچ کارێکی نییە، بێ ماڵ و حاڵە و هیچ داهاتێکی دیاریکراوی نییە، هەرچەندە جلوبەرگی زۆر گرانبەهای لەبەردا بووە.

سەرەتا شۆفێرەکە وتی ئۆتۆمبێلەکە هی دایکییەتی، بەڵام دەرکەوت ئۆتۆمبێلەکە هی کۆمپانیایەکی خانووبەرەیە کە خۆی و دایک و براکانی بەڕێوەی دەبەن، لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایان کرد کە ئەم خێزانە پلانێکی تۆکمەیان داڕشتووە بۆ ئەوەی پارەی حکوومەتی فەرەنسا بخۆن و باج نەدەن، ئەمەش بە شاراوە هێشتنەوەی هەموو داهاتەکان و قازانجی کارە خانووبەرەییەکانیان.

لە کاتێکدا ئەو خێزانە ژیانێکی زۆر گرانبەها و شاهانەیان هەبووە، گەشتیان کردووە و شتومەکی گرانبەهایان کڕیوە، بەڵام لەسەر کاغەز و لای دەوڵەت ئەوان وەک بێکار و هەژار خۆیان ناساندووە، ئەمەش ڕێگەی پێداون کە یارمەتی دارایی مانگانە لە ڕێگەی دەزگای"CAF"وەربگرن.

ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرای کردووە کە ئەم خێزانە زیاتر لە 2 ملیۆن دۆلاریان لە ڕێگەی "سوشیاڵ"ەوە بە ناوی هەژارییەوە وەرگرتووە، لەگەڵ زیاتر لە ١.٩ ملیۆن دۆلاری دیکەی داهاتی شاراوە.

لە ئێستادا خێزانەکە لەلایەن پۆلیسەوە گیراون و بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە، کارکردنی نایاسایی، ساختەکاری دادگایی دەکرێن.