قەڵەوی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی گەدە زیاد دەکات

AM:10:39:15/11/2025

372 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوە نوێیەکان دەریانخستووە کە قەڵەوی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی گەدە زیاد دەکات، ئەمە جگە لەوەی پەیوەندی بە نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرەشەوە هەیە.

لە بابەتێکی ماڵپەڕی " eremnews"دا ئاماژە بەوەکراوە کە زیادبوونی چەوری جەستە دەبێتە هۆی هەوکردنی درێژخایەن و ناهاوسەنگی هۆرمۆنەکان و فشاری ئۆکسجینی کە دەبێتە هۆی گەشەکردنی خانە شێرپەنجەییەکان لە ناوپۆشی گەدەدا.

نیشانە باوەکانی شێرپەنجەی گەدە بریتین لە هەرس نەکردنی خۆراک، دڵەکزێ، ئاوساوی گەدە دوای ژەمەکان، نەمانی ئارەزووی خواردن ، لەناکاو دابەزینی کێش، سکچوون، ڕشانەوە و ئازاری گەدە.

قەڵەوی ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە گەشەکردنی نەخۆشییەکەدا لە ڕێگەی چەند میکانیزمێکەوە، چەوری دەوروبەری سک دەبێتە هۆی هەوکردنێکی پلە نزم کە کاریگەری لەسەر خانەکانی گەدە دەبێت و هانی گەشەکردنی وەرەم دەدات هەروەها بەرزبوونەوەی ئاستی ئەنسۆلین و ئیسترۆجین و لێپتین کە لە ئەنجامی قەڵەویەوە دروست دەبێت، دەبێتە هۆی دابەشبوونی خانە شێرپەنجەییەکان.

جگە لەوەش چەوری جۆری ئۆکسجینی کارلێککەر بەرهەم دەهێنێت کە دەبێتە هۆی فشاری ئۆکسجینی و زیان بە DNAدەگەیەنێت و توانای جەستە بۆ چاککردنەوەی تێکدەدات.

چەوری زیادە دەتوانێت فشار لەسەر گەدە زیاد بکات و دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ترشەڵۆک و خورانی ناوپۆشی گەدە ئەمەش دەتوانێت کاریگەری لەسەر هاوسەنگی بەکتریاکانی ناو کۆئەندامی هەرس هەبێت.

بۆ خۆپاراستن، باشترە کێشێکی تەندروست بپارێزیت، ڕێجیمێکی دەوڵەمەند بە میوە و سەوزە و دانەوێڵەی تەواو پەیڕەو بکەیت، خۆراکە لە قتونراوەکان سنووردار بکەیت، دوور بکەوەرەوە لە جگەرەکێشان، ئەم ڕێوشوێنانە یارمەتیدەرن بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی گەدە و پاراستنی تەندروستی هەرس بۆ ماوەیەکی درێژ.