تیمێکی زانایانی پۆڵەندی لێکۆڵینەوەیان لە کاریگەریی
هاوسەرگیری لەسەر تەندروستی جەستەیی کردووە، بە بەکارهێنانی داتای گشتگیر بۆ شیکردنەوەی
پەیوەندی نێوان باری هاوسەرگیری و گۆڕانی کێش.
زاناکان داتای نزیکەی ٢٥٠٠ کەسیان شیکردووەتەوە کە ٣٥%یان
کێشیان تەندروست بووە ، ٣٨% کێشیان زیادە و ٢٦%یان قەڵەو بوون.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە ئەو پیاوانەی هاوسەرگیریان
کردووە ٣.٢ هێندە قەڵەوترن بە بەراورد بەوانەی هاوسەرگیریان نەکردووە، جێگەی باسە هیچ
پەیوەندییەکی ڕوون لە نێوان هاوسەرگیری و قەڵەوی لە ئافرەتاندا نەدۆزراوەتەوە، کە
هۆکارەکەیان بۆ جیاوازی کولتووری لە تێڕوانینی
ڕەگەزی بۆ قەڵەویدا گەڕاندووەتەوە.
دەرەنجامەکان دەریانخستووە کە مەترسی تووشبوون بە قەڵەوی
لە نێوان پیاوانی خێزانداردا بە ڕێژەی ٦٢% زیادی کردووە، لە کاتێکدا لە نێوان ژنانی
هاوسەرداردا ٣٩% بووە.
دکتۆر ئەلیچا چیچامیکۆلاجچیک، توێژەری سەرەکی توێژینەوەکە
رایگەیاند " تەمەن و باری هاوسەرگیری ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە مەترسی زیادبوونی
کێش لە گەورەکاندا، بەبێ گوێدانە ڕەگەز"
ئەم توێژینەوەیە لەسەر بنەمای توێژینەوەکانی پێشووتر دەرکەوتووە
کە هاوسەرگیری دەتوانێت کاریگەری لەسەر کێشی هاوسەرەکان هەبێت، لە توێژینەوەیەکی چینیدا
کە ساڵی ڕابردوو ئەنجامدراوە دەرکەوتووە کە هاوسەرەکان لە ماوەی پێنج ساڵی یەکەمی
هاوسەرگیریدا کێشیان زیاد دەکات بەهۆی زیاتر خواردنی کالۆری و کەمبوونەوەی ئاستی
چالاکیی جەستەیی، دەرکەوتووە پیاوان دوای هاوسەرگیری کێشیان بە ڕێژەی 5.2% زیاتر زیاد
دەکات و ڕێژەی قەڵەوی بە ڕێژەی 2.5% زیادی کردووە.
شایەنی باسە قەڵەوی هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییە
مەترسیدارەکان، وەک شێرپەنجە، جەڵتەی مێشک، نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرەی جۆری دوو.