هێلکە یان بادەم کامیان پڕۆتینیان زیاترە؟

AM:09:51:12/03/2025

8884 جار خوێندراوەتەوە

پڕۆتین ماددەیەکی خۆراکی سەرەکییە کە بەشدارە لە دروستکردن و چاککردنەوەی ماسولکەکان و بەرهەمهێنانی ئەنزیمەکان و پشتگیریکردنی کارە گرنگەکانی جەستە.

لە ماڵپەڕی " eremnews" بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە لە کاتی هەڵبژاردنی سەرچاوەی پڕۆتین، زۆرجار بەراوردکاری لە نێوان هێلکە و بادەم دەکرێت، کە هەردووکیان خۆراکی خۆراکی بەسوودن بەڵام ئایا کامیان رێژەی پڕۆتینیان زیاترە؟ یان کامیان باشترینە بۆ ڕێجیم؟

هێلکەیەکی تەواو نزیکەی ٦-٧ گرام پرۆتینی تێدایە، کە بەشێکی زۆری لە سپێنەی هێلکەکەدا هەیە (نزیکەی ٣.٦ گرام)، ئەوەی دیکەش لە زەردێنەی هێلکەدا هەیە (نزیکەی ٢.٧ گرام)، هێلکە پرۆتینێکی تەواوە بەو پێیەی هەر نۆ ترشە ئەمینییە پێویستەکانی تێدایە کە پێویستە بۆ جەستە.

لە بەرامبەردا ١٠٠ گرام بادەم نزیکەی ٢١-٢٥ گرام پرۆتینی تێدایە، بەشێوەیەکی ئاسایی ئەگەر رۆژانە ٢٨ گرام بادەم بخۆیت ئەوا نزیکەی ٥-٦ گرام پرۆتین بەدەست دەهێنیت، هەرچەندە دەوڵەمەندە بە پرۆتین بەڵام بادەم هەندێک ترشە ئەمینییە پێویستەکانی تێدا نییە، وەکو لایسین.

هێلکە پرۆتینێکی کوالیتی بەرزە، لە پێوەرەکانی بەهای بایۆلۆجی (BV)دا ١٠٠ نمرەی بەدەستهێناوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کارایی بەرزی جەستە لە هەڵمژینی و بەکارهێنانی پرۆتین، سەبارەت بە بادەم سەرەڕای دەوڵەمەندی پڕۆتین بەڵام پڕۆتینێکی ناتەواوە، ئەمەش دەتواندرێت لەگەڵ سەرچاوەی ڕووەکی تری وەک دانەوێڵەی تەواو یان پاقلەمەنییەکاندا بخورێت.

هێلکە نزیکەی ٧٠ کالۆری تێدایە و دەوڵەمەندە بە ڤیتامین B12 و ڕیبۆفلاڤین و کۆلین و سیلینیۆم و ڤیتامین D هەروەها دژە ئۆکسێنەرەکانی وەکو لوتین و زیاکسانتین دابین دەکات کە پاڵپشتی تەندروستی چاو دەکەن.

سەبارەت بە بادەم، نزیکەی ١٦٠ کالۆری لە هەر ٢٨ گرامێکدا هەیە، هەروەها سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە ڤیتامین E و مەگنیسیۆم و مەنگەنیز هەروەها پۆلیفینۆلی تێدایە کە سوودی هەیە بۆ تەندروستی دڵ.

جێگەی باسە بۆ بەهێزکردنی ماسولکەکان هێلکە باشترین بژاردەیە چونکە پڕۆتینی تەواو و ترشی ئەمینی تێدایە کە پاڵپشتی چاککردنەوەی ماسولکەکان دەکەن، بۆ دابەزاندنی کێش هەردووکیان هێلکە و بادەم دەتوانن سوودبەخش بن هێلکە کالۆری کەمی تێدایە و دەوڵەمەندە بە پرۆتین، ئەمەش دەبێتە هۆی هەستکردن بە تێری، بادەم چەوری و ڕیشاڵی تەندروست دابین دەکات کە یارمەتیدەرە بۆ هەستکردن بە تێری.

بۆ تەندروستی دڵ بادەم یارمەتی دابەزاندنی ئاستی کۆلیسترۆڵی خراپ دەدات، سەرەڕای ئەو مشتومڕانەی دەربارەی هێلکە هەیە دەربارەی ڕێژەی کۆلیسترۆڵ بەڵام لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییە ئاماژە بەوە دەکەن کە خواردنی بە ڕێژەیەکی مامناوەند کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی کۆلیسترۆڵ نابێت.

پسپۆران جەختیان لەوە کردەوە هەردووکیان سوودبەخشن بۆ باشترکردنی تەندروستی بە شێوەیەکی گشتی.