لە بری ئەوەی بچیتە هۆڵەکانی لەشجوانی و ئامێرە
قورسەکان بەرز بکەیتەوە، دەتوانیت لە ماڵەوە بە بەکارهێنانی دەبەی ئاو کێش دابەزێنیت
و جەستەت ڕێک بکەیتەوە، بەڵام گرنگە بزانیت چۆن جوڵەکان دەکەیت و دەبەکە چۆن بەکاردەهێنیت.
ماڵپەڕی برایتسایدی بەریتانی ئاماژەی بە وێنە سێ
ڕێگەی چۆنێتی بەکارهێنانی دەبەی ئاوی خستووەتە روو کە دەتوانیت بەهۆیەوە کێش دابەزێنیت،
بەڵام دەبێت دەبەکە ئاوی تێدا بێت بۆ ئەوەی کێشی هەبێت، بەمجۆرە:
یەکەم: دەبە ئاوەکە بخەرە نێوان هەردوو رانەکانتەوە

هەردوو قاچت توند دابخە و فشار بخەرە سەر دەبە
ئاوەکە و پشت ڕێک بگرە، هەروەک لە وێنەکەدا دیارە ناوجەی گەدەت ببەرە ناوەوە و پشت
و مل بۆ پێشەوە ببە، دواتر بچۆرەوە هەمان باری پێشوو، چەند جارێک ئەم جوڵەیە بۆ
ماوەی پێنج خولەک دووبارە بکەرەوە، بۆ تواندنەوەی چەوری ورگ و ران بەسوودە.
دووەم: لەسەر کورسی دابنیشە و ئەم جوڵە بە دەبەی ئاوەکە بکە

بە ڕێکی لەسەر کورسییەکە دابنیشە و دوو دەبە
ئاو بە دەستەوە بێت بۆ هەر دەستێک دەبەیەک ئاو پێبێت، بە جۆرێک دابنیشە بڕبڕەی پشت
ومل ڕێک بێت، هەردوو دەست بۆ ئاستی سەرو کەمەرت بەرزبکەرەوە و سەری دەبەکە بۆ
ئاراستەی خوارەوە بێت و قاچێک لەگەڵ دەستدا بەرزبکەرەوە، بەمجۆرە بۆ هەر لایەک وەک
وێنەکە جوڵە بکە، ئەم جوڵە ١٠ جار دووبارە بکەرەوە.
سێیەم: بە یەک دەبەی ئاو ئەم جوڵە بکە

لەسەر زەوی دابنیشە و هەردوو قاچ بۆ ئاستی سک بەرزبکەرەوە
و بە هەردوو دەست دەبەکە لە نزیک سکتەوە بگرە، هەروەک لە وێنەکەدا دیارە بە بەکارهێنانی
دەبەکە بۆ هەرلایەکی جەستەت فشار بخەرە سەری و ئاراستەی کەمەر بۆ لایەکانی جەستەت
بگۆڕە، ماوەکەی لە یەک خولەک کەمتر نەبێت، ئەم جوڵە جگە لە تواندنەوەی چەوری بەشە
جیاوازەکانی جەستەت ئازاری پشتیش ناهێڵێت.
ئ.ل