ماسیگرێک لە
قاهیرەی پایتەختی میسر چیرۆکێکی جیاواز و سەرنجڕاکێش دەگێڕێتەوە.
محەمەد ئەحمەد سەید، چیرۆکی گۆڕانکارییەکی سەیر دەگێڕێتەوە، ئەو پیاوە
ماوەی ساڵانێکی زۆرە ماسیگرە لە کەنارەکانی ڕووباری نیل، بە نیگەرانییەوە باس لەوە
دەکات چۆن ژینگەی ڕووبارەکە گۆڕاوە، دەڵێت "ماسییەکان لە ترسی پاشماوە و
پلاستیک هەڵهاتوون."محەمەد
ساڵانێکی زۆر ژیانی لەسەر ڕاوەماسی لە ڕووباری نیل بووە، بەڵام ئێستا بەلەمەکەی بۆ
ڕاوکردنی بوتڵە پلاستیکییەکان بەکاردەهێنێت نەک ماسی.
دەڵێت "ماسییەکان لە ترسی پاشماوە پلاستیکییەکان هەڵهاتوون،
ئەمەش وای کردووە ئەو و نزیکەی ١٨٠ ڕاوچی دیکەی دوورگەی قەرسایە کارەکەیان بگۆڕن
بۆ کۆکردنەوەی پاشماوە."
بە وتەی خۆی
ڕۆژانە ٢٥ کیلۆگرام ماسی دەگرت، ئێستا بە زۆر ٤ کیلۆگرامی دەست دەکەوێت، بەڵام ئەم
بێئومێدییە نەبووە هۆی وازهێنانی بەڵکو بووە سەرەتای وەرچەرخانێکی گەورە لە
ژیانیدا، لە ئێستادا سەرقاڵی کۆکردنەوەی دەبە پلاستیکییەکانە و داهاتێکی باشی دەست
دەکەوێت.
لە ساڵی ٢٠١٨وە، پڕۆژەیەک بە ناوی "VeryNile" بووە فریادڕەسی محەمەد و ١٨٠ ماسیگری دیکەی ناوچەکە، ئەم پڕۆژەیە
بیرۆکەیەکی زیرەکی هێنایە کایەوە، ئەویش کڕینەوەی پلاستیکە لە ماسیگرەکان بە
نرخێکی بەرزتر لە بازاڕ.
ئەم پڕۆژەیە تەنها خزمەت بە ژینگە ناکات، بەڵکو بووەتە سەرچاوەیەکی
دارایی بەهێز بۆ خێزانەکانی ئەو ناوچەیە، محەمەد بە شانازییەوە باس لەوە دەکات کە
لە سایەی کۆکردنەوەی پلاستیکەوە، توانیویەتی خەرجی هاوسەرەکەی و هەر سێ منداڵەکەی
دابین بکات.
پڕۆژەکە تەنها لە کۆکردنەوەی خاشاک نەوەستاوە، لەوێ کارگەیەکی
ڕیسایکلین دامەزراوە کە پاشماوەکان دەگۆڕێت بۆ کاڵای بەسوود، جگە لە ڕاوچییەکان،
٢٥ ژنی دوورگەکەش کار دەکەن و بە دەستە ڕەنگینەکانیان، دیزاینی نوێ بۆ بەرهەمەکان
دەکەن.