ئەگەر باوکی کچ بیت، لەوانەیە بەختت باشتر بێت
لەوەی بیری لێدەکەیتەوە، نەک تەنها لە ڕووی سۆزدارییەوە بەڵکو لە ڕووی تەندروستیشەوە.
بەپێی توێژینەوەیەکی زانستی ئەم دواییە کە
لە ماڵپەڕی "Journal of Women and Ageing" بڵاوکراوەتەوە، ڕەنگە هەبوونی کچ ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبێت لە پاراستنی
باوک لە تووشبوون بە نەخۆشی بیرچوونەوە و پاراستنی تەندروستی مێشک و یادەوەری لە تەمەنی
پیریدا.
لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە، ئەو باوکە بەتەمەنانەی
کچیان هەیە، یادەوەرییان بەهێزترە و توانایی مێشکیان باشترە بە بەراورد بەو باوکانەی
کە تەنها کوڕیان هەیە هەروەها ئەنجامەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو دایک و باوکانەی
کچیان پەروەردە کردووە لە تاقیکردنەوەکانی توانا و تەندروستی مێشکدا نمرەی بەرزتریان
بەدەستهێناوە.
توێژەران پێیان وایە نهێنییەکە لە هۆکارە بایۆلۆژییەکاندا
نییە، بەڵکو لە پاڵپشتی سۆزداری و کۆمەڵایەتیدایە کە کچان بە شێوەیەکی گشتی پێشکەشی
دایک و باوکیان دەکەن.
زۆرجار کچان لە قۆناغە هەستیارەکانی ژیانی دایک
و باوکیاندا لە خێزانەکە نزیکتر دەبنەوە، پشتگیری سۆزداری زیاتر پێشکەش دەکەن، چاودێری
تەندروستی بەردەوام و بەدواداچوون و کارلێکی کۆمەڵایەتی کە هەستی گۆشەگیری بۆ دایک
و باوکیان کەمدەکەنەوە.
ئەم هۆکارانە بەیەکەوە یارمەتی پاراستنی چالاکیی
مێشک دەدەن و مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی بیرچوونەوە کەم دەکەنەوە.
توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە کاریگەری ئەرێنی
هەبوونی کچ لەسەر تەندروستی مێشک ڕەنگە بۆ دایکانی بەتەمەن بەهێزتر بێت وەک لە باوکان،
چونکە دایکان سوودێکی بەرچاو لەو پەیوەندییە سۆزدارییە و پاڵپشتی کۆمەڵایەتییە وەردەگرن
کە کچەکان پێشکەشی دەکەن.