چین چوار مشک دەنێرێتە بۆشایی ئاسمان

PM:12:18:31/10/2025

876 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی چین دەڵێت، ئەمڕۆ تيمێک دەنێرێتە وێستگەیەکی بۆشایی ئاسمان و لەگەڵیاندا چوار مشک بە مەبەستی توێژینەوەیەکی زانستی دەنێرێت و بڕیارە ماوەی شەش مانگ لەوێ بمێننەوە.

ئەمڕۆ هەینی ٣١ـی تشرینی یەکەمـی ٢٠٢٥، ژانگ جینگبۆ، وتەبێژی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی چین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانيدا بڵاویکردەوە، تيمی شينژۆ٢١، سێ کەشتيوان و چوار مشک، لە سەنتەری هەڵدانی مانگە دەستکردەکانی جيکوان لە باکووری رۆژئاوای چينەوە، دەنێرێتە بۆشایی ئاسمان.

گەشتەکە کاتژمێر شەش و ٤٥ خولەکی ئێوارە بە کاتی هەرێم دەستپێدەکات، جینگبۆ ئاماژەی بەوەشکرد کە مشکەکان دوو نێر و دوو مێن و لە بۆشایی ئاسماندا بەخێو دەکرێن، توێژینەوەکەش تیشک دەخاتە سەر پشکنینی کاریگەرییەکانی کەشی بۆشایی ئاسمان لەسەر هەڵسوکەوتی ئەو مشکانە، دواتر لە رێگەی کەشتييەکی زانستييەوە دەگەڕێندرێنەوە سەر زەوی و لێکۆڵينەوەی زياتريان لێدەکرێت.

باس لەوەشکراوە، ئەمە یەکەمجارە چین تاقیکردنەوەیەکی زانستی لەوجۆرە ئەنجام بدات کە تيايدا شیردەرەکان دەبرێنە بۆشایی ئاسمان، مشکەکان دوای ئەوەی لە رووی تەندروستی و هزرييەوە، زياتر لە ٦٠ رۆژ لە ژێر چاودێريدا بوون، رەوانە دەکرێن.