پیاوێکی خەڵکی تورکیا دوای ئەوەی تووشی جەڵتەی مێشک دەبێت
زمانی دایکی لەبیردەچێتەوە و بە دانیمارکی قسە دەکات.
ماوەی چەند رۆژێکە لە سۆشیال میدیاکانی تورکیاوە هەواڵی
ڕووداوێکی دەگمەنی پزیشکی بڵاودەکرێتەوە، خێزانی پیاوێکی تورکی تەمەن ٦٧ ساڵ سەریان
سوڕما لە گۆڕانکارییەکی چاوەڕواننەکراو لە توانای زمانیدا کاتێک تووشی جەڵتەی مێشک
دەبێت و نەشتەرگەری مێشکی بۆ ئەنجامدەدرێت زمانی تورکی لەبیردەچیتەوە و بە زمانی
دانیمارکی قسە دەکات.
بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکان، ئەو پیاوە پێشتر بۆ
ماوەیەکی زۆر لە دانیمارک ژیاوە بەڵام دە
ساڵ لەمەوبەر گەڕاوەتەوە تورکیا بۆ ماوەیەکی زۆریش وازی لە قسەکردن بە زمانی دانیمارک
هێناوە.
هەروەها گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئەو پیاوە بە شێوەیەکی
بەرفراوان لە سۆشیال میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا بە زمانی دانیمارکی وەڵام
دەداتەوە کاتێک بە زمانی تورکی قسەی لەگەڵدا دەکرێت، وەک خۆی دەڵێت "دەتوانم
لە زمانی تورکی تێبگەم بەڵام ناتوانم قسەی پێبکەم".
پزیشکەکەی حاڵەتەکەی بە ڕووداوێکی دەگمەنی پزیشکی
ناوبرد بەڵام ڕوونیکردەوە و دەڵێت " دوای
نەشتەرگەریەکە ئیفلیجی قۆڵ و قاچی بەشێوەیەکی بەرچاو باشتر بوو، هەروەها توانای جوڵەی
بۆ گەڕایەوە، ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بوو ئەوە بوو کە نەیدەتوانی بە زمانی دایکی کە
تورکییە وەڵام بداتەوە"
باسیشی لەوە کرد هێشتا چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە بە
تێپەڕبوونی کات توانای قسەکردنی بە زمانی تورکی بەدەستبهێنێتەوە.
چاودێران پێیان وایە ئەم حاڵەتە دەکرێت کاتێک ڕووبدات
کە برینداربوونی مێشک بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کاریگەری لەسەر ناوەندەکانی زمان
هەبێت، پێشتریش چەند
کەسێکی دیکە هەمان بارودۆخیان بەسەردا هاتووە و بە یەکیک لە حاڵەتە دەگمەنەکانی پزیشکی لە جیهاندا دادەندرێت.