دکتۆر جۆن شارفێنبێرگ
لە تەمەنی ١٠٢ ساڵیدا ئەزموونی سەدەیەکی خۆی باس دەکات، جەخت لەوە دەکاتەوە کە شێوازی
ژیانی تەندروست کلیلی ڕاستەقینەی تەمەن درێژییە.
شارفێنبێرگ
پسپۆری خۆراکە لە زانکۆیەکی کالیفۆرنیا، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٢٣ لەدایک
بووە، کەناڵێکی یوتیوبی بەڕێوەدەبات لەڕێگەیەوە ئامۆژگارییەکانی خۆی لەبارەی چۆنیەتی
ژیانێکی تەندروست و درێژخایەن بڵاودەکاتەوە.
هەرچەندە زۆرێک
نهێنی تەمەن درێژی دەگەڕێننەوە بۆ هۆکارە بۆماوەییەکان، بەڵام شارفنبێرگ جەخت لەوە
دەکاتەوە کە شێوازی ژیان هۆکاری یەکلاکەرەوەیە، ئاماژە بەوە دەکات کە باوکی لە تەمەنی
٧٦ ساڵیدا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە مردووە و دایکی لە ساڵانی شەستەکانی تەمەنیدا دوای ئەوەی
تووشی نەخۆشی زەهایمەر بووە کۆچی دوایی کردووە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی" The Mirror"ی بەریتانی ئەو پزیشکە ئاماژەی بە پێنج
یاسا کردووە کە پێی وایە بۆ بەدەستهێنانی تەمەنێکی درێژتر و تەندروستییەکی باشتر پێویستە:
١. چالاکیی جەستەیی
بەردەوام:
شارفنبێرگ باس
لەوە دەکات وەرزشکردنی بەردەوام بەشێکی سەرەکی ژیانی بووە، ئەو پێی وایە چالاکیی جەستەیی لە تەمەنی ناوەڕاست
(40-70 ساڵ)دا زۆر گرنگە، بەو پێیەی ئەمە کاتێکە کە زۆر کەس دەست بە شێوازی ژیانی
دانیشتن دەکەن.
٢. دوور بکەوەرەوە
لە جگەرەکێشان:
جەختی لەوە کردەوە
کە تووتن یەکێکە لە هۆکارە خراپەکان بۆ تەندروستی مرۆڤ، کە بەشدارە لە بەرزبوونەوەی
ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە.
٣. پاراستنی کێشێکی
تەندروست لە ڕێگەی ڕۆژووگرتنی پچڕپچڕەوە:
شارفنبێرگ پابەندە
بە ڕێجیمێکەوە کە لەسەر بنەمای خواردنی تەنها دوو ژەمە لە ڕۆژێکدا، نانی بەیانی و
نیوەڕۆ هەروەها خۆبەدوورگرتن لە ژەمی ئێوارە، ئەو دووپاتی دەکاتەوە کە ئەم شێوازە
ژیانە یارمەتی داوە بە درێژایی ژیانی کێشێکی تەندروست بپارێزێت، ئاماژە بەوە دەکات
کە کێشی زیادە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ و هەندێک جۆری شێرپەنجە
زیاد دەکات.
٤. کەمکردنەوەی
خواردنی گۆشت:
شارفێنبێرگ ڕێجیمێکی
ڕووەکی پەیڕەو دەکات کە بە پلەی یەکەم لەسەر بنەمای سەوزە و میوەیە، شیرەمەنی و هێلکەی
سنووردارە، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە لە تەمەنی بیست ساڵییەوە وازی لە گۆشت هێناوە.
٥. بەکارهێنانی
شەکر سنووردار بکە:
ئەو پسپۆرە پێشنیاری
کەمکردنەوەی شەکر لە خۆراکدا دەکات و شیرینی ئامادە کراو بە میوە بگۆڕدرێت.
لە کۆتایی ئامۆژگارییەکانیدا،
شارفنبێرگ دەڵێت "هیوادارم هەمووان شێوازێکی ژیانێکی تەندروست و دروست بژین،
ئەو هەڵبژاردنانەی ڕۆژانە ئەنجامی دەدەین، ئەوانەن کە شێوەی ژیانمان و داهاتووی تەندروستیمان
دیاری دەکەن".