رۆناڵدۆ بەردەوامە لە
ژمارە پێوانەییەکان و نرخی براندەکانی نزیکە لە یەک ملیار یۆرۆ.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی
بڵاویکردووەتەوە، کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی مێژوویی پورتوگالی بەردەوامە لە
شکاندنی ئامارەکان و چاوەڕێ دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا جیهان شۆک بکات.
ئاس ئاشکرایکردووە، بە
پێی لێکۆڵینەوەکان کە لەم مانگەدا ئەنجامدراوە بەهای براندەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ
لە بازاڕەکانی جیهاندا گەیشتووەتە 850 ملیۆن یۆرۆ و ئەگەر بەو شێوەیە بڕوات ئەوا
لە چەند مانگی داهاتوودا دەگاتە یەک ملیار یۆرۆ کە ئەوەش گەورەترین بەهایە لە
مێژوودا.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو
بەهایە بە پێی شیکاری 28 پێوەر دیاری دەکرێت کە دابەش دەکرێن بەسەر شەش بەشی
جیاوازدا کە ئەوانیش داهاتی دارایی و بوونی میدیا و بەشداریکردن لە سۆشیال میدیا و
دەستکەوتە وەرزشییەکان و کاریگەری کۆمەڵگا و بەناوبانگ بوونە لە جیهاندا.
دەشڵێت، کریستیانۆ لە
ئێستادا خاوەنی زیاتر لە یەک ملیار فۆلۆوەرزە لە جیهاندا لە پلاتفۆرمە جیاوازەکانی
سۆشیاڵ میدیا، هەروەها ساڵانە زیاتر لە 22 ملیۆن هەواڵ هەیە لەسەری جگە لەوەش 187
ملیۆن جار لە گوگڵ بەدوای ناوەکەیدا دەگەڕێن.
ئاس نوسیویەتی، رێنی
سالڤیانۆی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای هیتماپ رایگەیاندووە کە رۆناڵدۆ لە
ئێستادا تەنها ئەستێرەیەکی وەرزشی نییە بەڵکو بووەتە ئایکۆنێکی جیهانی بەهۆی
خۆبەخشییەکەی بۆ پاراستنی جیهان و جگە لەوەش بووەتە ئایکۆنێکی رۆشنبیری و ئابووری
لە بازاڕەکانی جیهاندا.
رونیشکردووەتەوە، ئەو
یاریزانە سەرقاڵی چەندین کاری جیاوازە بە نمونەی پلاتفۆرمی کاتژمێری لوکس و
کۆمپانیای کۆنفینای میدیایی پورتوگال و خاوەنی کۆمپانیای سیرامیکی لوکسە، هەموو
کارەکانیشی لە چوار هەزار کتێبی ئەمازۆندا باسی لێوەکراوە و 63 هەزار لێکۆڵینەوەی
ئەکادیمی لەسەر ئەنجامدراوە.