ئۆتۆمبێلێک دوایی زیاتر ٨٠ ساڵ لە نوقمبوونی لە بنی زەریایەکەدا دۆزرایەوە

AM:11:22:23/04/2025

6456 جار خوێندراوەتەوە

تیمێکی گەڕان و پشکنین ئۆتۆمبێلێکی کۆنی ڕەشیان لەناو پاشماوەی کەشتیی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکی "USS Yorktown" دۆزییەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی ١٩٤٠.

لە ماڵپەری " RT Arabic" بڵاوکراوەتەوە، ئۆتۆمبێلێک لە جۆری " Ford Super Deluxe woody" لە بنی زەریاکەدا دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی ١٩٤٠ ئەمەش توێژەرانی سەرسام کردووە.

بەپێی داتاکانی ئیدارەی نیشتمانی ئۆقیانووس و بەرگەهەوا، ئۆتۆمبێلەکە نزیکەی ٥ کیلۆمەتر لە ژێر ڕووی زەویەوە دۆزرایەوە، لە دۆخێکی سەرسوڕهێنەری پاراستنیدا بووە، بەشێک لە تابلۆی ئۆتۆمبێلەکە لەسەری نووسرابوو "خزمەتگوزاری کەشتی _ دەریایی"، لەگەڵ ئەوەشدا جامی ئۆتۆمبێلەکە سەرەڕای هەشت دەیە لە نوقمبوونی وەک خۆی مابووەوە.

گریمانە سەرەتاییەکان ئەوە پیشان دەدەن کە ڕەنگە ئۆتۆمبێلەکە بۆ گواستنەوەی کاپتنی کەشتییەکە یان ئەفسەرێکی باڵا بووبێت لە کاتی پەیوەندیکردن بە بەندەرەکانەوە، چونکە کەشتییە گەورەکان بە شێوەیەکی گشتی ئۆتۆمبێلیان هەڵدەگرت بۆ ئەفسەرەکان.

جێگای سەرنجە کەشتیی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکی "USS Yorktown" لە ساڵی ١٩٣٧ کەوتووەتە کار، لە مانگەکانی سەرەتای جەنگی جیهانی دووەمدا ڕۆڵێکی سەرەکی بینیوە، پێش ئەوەی ببێتە ئامانجی هێزەکانی ژاپۆن، داروپەردووەکانی لە ساڵی ١٩٨٨ لە دۆخێکی باشدا دۆزرایەوە و ئەمڕۆش بەم دۆزینەوە چاوەڕواننەکراوە جارێکی دیکە توێژەران و خەڵکی سەرسام کردەوە، ئەمەش نهێنییەکی دیکەی بۆ مێژووی کەشتییە سەربازییەکە زیاد کردووە.