کەمی ڤیتامین D دەبێتە هۆی ماندوێتی و
لاوازی ماسولکەکان و خراپی باری دەروونی کە ئەمەش دەبێتە هۆی بێزاری و ماندووبوون.
بەپێی ماڵپەڕی "The Health Site"
زۆر کەس بەدەست کەمی ڤیتامین D ییەوە دەناڵێنن، بەو پێیەی مرۆڤەکان کاتێکی
زیاتر لە ژوورەوە بەسەر دەبەن و زیاتر دژەخۆر بەکاردەهێنن و زۆرجاریش لە ناوچە شارییەکان
دەژین کە بەرکەوتنیان بە تیشکی خۆر سنووردارە، جگە لەوەش پەیڕەکردنی ڕێجیمێکی هەڵە
و ناتەندروست و زیادبوونی ڕێژەی قەڵەوی بەشدارن بۆ ئەم کێشەیە.
پسپۆران ئاماژەیان بە چەند خوویەکی رۆژانە
کردووە کە یارمەتیدەرە لە بەرزکردنەوەی ئاستی ڤیتامین D لە جەستەدا، ئەوانیش
بریتین لە:
١. بەرکەوتن بە تیشکی خۆر:
لە بەیانی زوو یان درەنگانی پاشنیوەڕۆدا پێویستە
بۆ ماوەیەک لەبەردەم تیشکی خۆردا بمێنیتەوە.
٢. چالاکییەکانی رۆژانەت لە دەرەوە ئەنجام بدە:
گواستنەوەی چالاکییەکان بۆ دەرەوە، جا قاوەیەکی
بەیانیان بێت، کەمێک خوێندنەوەی ڕۆژانە بێت، یان تەنانەت ئەنجامدانی پیاسەیەکی
کورت لە ڕۆژدا، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ڤیتامین D.
٣. تەواوکەری ڤیتامین D بخۆ:
رۆژانە تەواوکەری ڤیتامین Dبخۆ بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا یان ئەگەر بەرکەوتنت بە تیشکی خۆر سنووردار بێت.
٤. خواردنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامینD
زیادکردنی ئەو خۆراکانەی کە دەوڵەمەندن پێی وەک
ماسی (سەلەمون، سەردین، و تونە)، زەردێنەی هێلکە، شیر، دانەوێڵە و ئاوی پرتەقاڵ کە
یارمەتیدەرە لە زیادکردنی ئاستی ڤیتامین D.