لە ئوردن شوێنەوارێکی فیرعەون دۆزرایەوە

PM:12:03:20/04/2025

1832 جار خوێندراوەتەوە

شوێنەوارناسانی ئوردن رایانگەیاند شوێنەوارێکی نوێی فیرعەونیان دۆزیوەتەوە کە نووسراوێکی هیرۆگلیفی میسری کۆنە کە مۆرێکی شاهانەی لەسەرە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پاشا ڕامسیسی سێیەم.

لینا عەناب، وەزیری گەشتوگوزار و شوێنەوارەکانی ئوردن بە ئامادەبوونی زاهی حەواس شوێنەوارناسی میسری، دۆزینەوەیەکی نوێی شوێنەواری لە ناوچەی وادی ڕوم لە باشووری ئوردن ڕاگەیاند، دۆزینەوەکە نووسراوێکی هیرۆگلیفی میسری کۆنە کە مۆرێکی شاهانەی لەسەرە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پاشا ڕامسیسی سێیەم (١١٨٦-١١٥٥ پێش زایین).

عەناب جەختی لە گرنگی ئەم دۆزینەوە کردەوە، بەو پێیەی یەکەم نووسراوە کە لەسەر خاکی ئوردن دۆزراوەتەوە، ئەو ڕوونیکردەوە کە هەڵگری گرنگییەکی بەرچاوە کە بەڵگەیە لەسەر پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان میسری کۆن و ئوردن و نیمچە دوورگەی عەرەبی بەگشتی.

رایگەیاند " ئوردن کتێبخانەیەکی کراوەیە و خاوەنی چەندین نووسراوی مێژووییە، ئەم نووسینە هیرۆگلیفییەش دەستکەوتێکی دیکەی مێژووییە"

لای خۆیەوە زاهی حەواس خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە بەشداریکردنی لە ڕاگەیاندنی ئەم دۆزینەوە شوێنەوارییە گرنگەی وەزارەتی گەشتوگوزار لە ناوچەی وادی ڕوم کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پاشا ڕامسیسی سێیەم.

جێگەی باسە لەسەر ئەو پارچە مێژووییە ناوی شا ڕامسیسی سێیەم و بەرواری لەدایکبوونی لەسەر نووسراوە هەروەها تێیدا بە پاشای میسری سەرەوە و خوارەوە ناسێنراوە.