کریس کۆڵۆمبۆس: تەنها دەمەوێت دیمەنەکەی ترەمپ لە بەشی دووی Home Alone ببڕدرێت

PM:08:59:17/04/2025

5784 جار خوێندراوەتەوە

کریس کۆلۆمبۆس، دەرهێنەری ئیتاڵی-ئەمریکی باس لە فیلمە بەناوبانگەکەی "Home Alone 2: Lost in New York" دەکات، کە تێیدا دۆناڵد ترەمپ بە رۆڵێکی کورت دەردەکەوێت.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی سانفرانسیسکۆ کرۆنیکڵ، دەرهێنەرەکە ئاماژەی بەوەکرد کە دەرکەوتنی ترەمپ لەو فیلمەدا لەو کاتەوە بووەتە بارگرانی بۆی و داوادەکات ئەو دیمەنە لە فیلمەکە ببڕێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە: "مەترسی لەسەر مانەوەی هەیە لە ئەمریکا بەهۆی ئەو دیمەنەی ترەمپەوە و پێدەچێت لە وڵاتەکە دەربکرێت".

دۆناڵد ترەمپ لە فیلمەکەدا لە دیمەنێکدا لەگەڵ کێڤن، منداڵەکە، لە هۆتێل پلازا دەردەکەوێت کە خاوەنی ئەو هۆتێلە بووە و دەرهێنەری فیلمەکە پێشتر باسی لە چۆنیەتی دەرکەوتنی ترەمپ لە فیلمەکەدا کردووە و وتوویەتی: " ترەمپ رێگەی نەدەداین لە ناو هۆتێلەکە فیلمەکە تۆماربکەین، تا ئەو کاتەی رۆڵێکی لە فیلمەکەدا پێ بدرێت".

دواتر دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا وەک وەڵامێک بۆ کریس کۆڵۆمبۆس رایگەیاند: "ئەو کۆلۆمبۆسە (ناوی ڕاستەقینەی چی بوو؟) ، قسەیەکی کردووە و دەڵێت من بە زۆر خۆم خستووەتە ناو فیلمەکەوە .. ئەمە هیچ راست نییە و ئەو دەرکەوتنە کورتەی منیش یەکێک بوو لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی فیلمەکە".

فیلمی "Home Alone 2: Lost in New York" بەشی دووەمی فیلمی بەناوبانگ "Home Alone"ـە کە لە ساڵی 1990 بڵاوکرایەوە، هەریەک لە ماکاولی کەلکین، کاسرین ئۆهارا، جۆن هێرد، تیم کاری، جۆ پێسی و دانیال ستیرن بەشدارییان تێداکردووە و داهاتی بەشی دووەمی فیلمەکە 359 ملیۆن دۆلار بوو.