ئالپاچینۆ: حەزم دەکرد تەنها بۆ رۆڵی تۆنی مۆنتانا ئۆسکار بەدەستبهێنم

PM:05:14:16/10/2024

1140 جار خوێندراوەتەوە

ئالپاچینۆ خۆزگە دەخوازێت خەڵاتی ئۆسکاری بۆ رۆڵی تۆنی مۆنتانا لە فیلمی Scarfaceبەدەست بهێنایە، چونکە پێی وایە یەکێک بووە لە باشترین نمایشەکانی لە مێژووی کاری نواندنیدا.

لە چاوپێکەوتنێکی ئەم دواییەیدا لەگەڵ بی بی سی تودەی، ئالپاچینۆ، ئەکتەری بەناوبانگی هۆڵیوود رایگەیاند، خۆزگە دەخوازێت خەڵاتی ئۆسکاری بۆ فیلمی Scarfaceببردایەتەوە. ئەو ئەکتەرە ئاماژەی بەوەشکرد: "تەنانەت بەوەش دڵخۆش دەبووم ئەگەر تەنها کاندید بکرامایە بۆ خەڵاتی باشترین ئەکتەر".

پێش فیلمی Scarfaceلە ساڵی ١٩٨٣، ئالپاچینۆ پێنج جار پاڵێوراو بوو بۆ خەڵاتی ئۆسکار، بەڵام نەیتوانی بەدەستی بهێنێت، بۆ هەریەکە لە فیلمەکانی The Godfather، Serpico،The Godfather Part II،Dog Day Afternoonو And Justice for All.

پاچینۆ پێیوایە دەبوو بۆ سکارفەیس سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بەڵام دواتر ئالپاچینۆ بەبەهێزیی گەڕایەوە و توانی یەکەم ئۆسکار لە ساڵی ١٩٩٢ بەدەستبهێنێت بۆ فیلمی Scent of a Woman، بەڵام زۆرێک پێیان وایە، بە خودی پاچینۆشەوە، کە ئەو ئەکتەرە شایەنی ئۆسکاری زیاتر بووە.

فیلمی سکارفەیس، فیلمێکی درامی و تاوانکاریی ساڵی ١٩٨٣ـە، لە دەرهێنانی برایان دی پاڵما و ئۆلیڤەر ستۆن وەک دووبارە دروستکردنەوەی فیلمی ساڵی ١٩٣٢ بە هەمان ناو و لە بەرامبەردا لەسەر بنەمای ڕۆمانی ساڵی ١٩٣٠ی ئارمیتاج ترایل نووسراوە.