توێژینەوەیەک لەم دواییەدا کراوە و دەریخستووە، گۆڕینی کەرە و چەورییە تێرەکان
بە زەیتی زەیتون دەبێتە هۆی باشترکردنی تەندروستی و درێژکردنەوەی تەمەن بۆ ساڵانێک.
بەپیێ راپۆرتێکی تەندروستی ماڵپەڕی"سکای نیو عەرەبی"، توێژەران بۆیان
دەرکەوتووە ئەو کەسانەی رۆژانە زیاتر لە نیو کەوچک زەیتی زەیتون دەخۆن ئەگەری
تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و سییەکان و زەهایمەر و شێرپەنجە کەمترە.
نووسەری توێژینەوەکە و توێژەر لە قوتابخانەی تەندروستی گشتی هارڤارد تی ئێچ
چان، مارتا گواخ فیری دەڵێت،"راهاتن لەسەر خۆراکی بەهێز و پارێزەر پرۆسەیەکی قورسە،
بەڵام هێنانە ناوەوەی زەیتی زەیتون بۆ ناو ژەمە خۆرەکەکان زۆر گرنگە."
ئاماژەی بەوەشکردووە،" ئەگەر پێویستی کرد گرنگی بە کوالیتی خۆراک و شێوازی
ژیان بدەیت، ئەوا زیادکردنی زەیتی زەیتون بۆ خۆراکەکانت وەک جێگرەوەیەک بۆ چەورییە
ناتەندروستەکان بژاردەیەکی زۆر باش دەبێت.
گواچ-فێری لە درێژەی قسەکانیدا وتی، زەیتی زەیتون توخمەکانی دژە هەوکردن و
دژە ئۆکسانی تێدای، زەیتی زەیتون دەوڵەمەندە بە ماددە خۆراکییە تەندروستەکان وەک
دژە ئۆکسان و پۆلیفینۆل و ڤیتامینەکان، ئەمە جگە لە چەورییە ناتێرە تەندروستەکان.
ر.ئ