نابێت رێگە بدرێت مووچەی مانگەکانی
ئەم ساڵیش بدزرێت
PM:05:20:13/12/2025
2192 جار خوێندراوەتەوە
رێبوار ياسين فەتاح
+
-
ئێستا ناوەراستیمانگی ١٢ یە، کەچی مووچەی مانگی ١٠ و مانگی ١١ـی مووچەخۆرانی
هەرێمی کوردستان دابەشنەکراوە و ئەم دواخستنی مووچە و لێبرین و نەدانی مووچە، لە
ساڵی ٢٠١٤ وە تاکو ئێستا درێژەی هەیە، ئەمە وای کردووە دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان
بەگشتی و بەتایبەتی مووچەخۆران رۆژ بەرۆژ بەرەو خراپی بچێت و لێکەوتەی جیاواز بەدوای
خۆیدا بهێنێت و ئاستی چاوەروانیەکانیان لە ژیان بهێنێتە خوارەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە
لە ساڵی ٢٠١٤ وە تاکو ئێستا، دەیان و سەدان جار سەرانی حزبەکانی دەسەڵات بەڵێنی کۆتایی
هێنان بە دواکەوتنی موچەیان داوە، بەڵینی گێرانەوەو قەرەبووکردنەوەی دواکەوتن و لێبرینی
موچە و پاشەکەوتیانداوە، سەدان شاندی هەرێم بەرەو بەغدا رۆشتوون و لە گەرانەوەیاندا،
شەیپوری سەرکەوتنی دیبلۆماسیەتی کوردی و بەڵینی چارەسەر بوونی پرسی موچەیان داوە،
تەنانەت هەر لایەنە کەمپەینی شانازی و سەرکەوتن و میدالیای ڕێکەوتنی لە بەرۆکی خۆی
داوە، کەچی پرسی موچە وەکو خۆی ماوەتەوە و بەچارەسەر نەگەیشتووە.
کرێکاران و
کارمەندان لە کۆمپانیاکان و دامەزراوەکانی هەرێمدا کار دەکەن و پێویستە لەو جێگایانە
و لەکاتی خۆیدا موچە وەربگرن، کەچی چ ئەو کاتەی سەرجەم داهات لەدەستی دەسەڵاتی هەرێمدا
بوو، چ لەدوای ١٧ ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٦ وە کە پرسی نەوت و غازو تا رادەیەکی زۆر ئابوری
لە دەستی دەسەڵاتی هەڕیم بەپێی بریارەکانی دادگای فیدرالی لەدەستی دەسەڵاتی هەڕیم
دەرهێنراوە، موچەی فەرمانبەران بۆتە قوربانی ململانێی نێوان بەغداو هەرێم لەلایەک
و سەری رەش و دەباشان لەلایەکی ترەوە.
لە هەڵبژاردنەکانی
ئەو دوایەشدا، چ لایەنە دەسەڵات بەدەستەکان و چ لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی،
بەڵێنی پرسی چارەسەرکردنی موچەیاندا، کەچی دیسان موچە و دواکەوتنی بەردەوامە و هیچ
ئاسۆیەکیش بۆ کۆتایی هێنان بەو گرفتە، لە ئارادا نییە.
دەسەڵاتی سیاسی
هەرێم بەغدا بە هۆکاری نەناردنی بودجە و شایستە داراییەکان و دواکەوتنی موچە و تۆمەتبار
دەکات و دەسەڵاتی بەغداش دەسەڵاتی هەرێم بەهۆی پابەند نەبوونی بە ڕیکەوتنامەکان بەتایبەتی
نەناردنی داهاتی نانەوتی تۆمەتبار دەکات، جیا لەوانە پارتی یەکێتی بە نەناردنی
داهاتی زۆنی سەوز بۆ خەزێنەی گشتی تۆمەتبار دەکات و یەکێتی، وەکو دەسەڵات لە پێگەی
ئۆپۆزیسیۆندا خۆی دەردەخات و پارتی بە هۆکاری دواکەوتنی موچە دەزانێت، لەو نێوەدا
ئەوەی سفرەی ماڵەکانی خاڵی ومناڵەکانی بێناز و گیرفانی بەتاڵە، فەرمانبەرانی هەرێمن.
لە ئێستادا کە
موچەی مانگی ١٠ و مانگی ١١، نەدراوە و لە نێوان هات و نەهات و ناردن و نەناردندا گیری
خواردووە، هەرەشە لە موچەی مانگەکانی داهاتوش هەیە، ئەوە لە کاتێکدایە کە سەرما و
پرسی سوتەمەنی یەخەگیری کۆمەڵگەیەو پشوەکانی
سەری ساڵ بە ڕێگاوەیە.
لە کاتێکدا لەزۆربەی
هەرە زۆری دنیادا، هاوڵاتیان خۆیان بۆ ئاهەنگەکانی سەری ساڵ ئامادە دەکەن و خەریکی
بازار کردن و خۆشی و پشوو شادی دەربڕین، بەشێکی زۆری بەرپرسان و سەرمایەدارانی هەرێم
ئامادەکاری دەکەن بۆ بەشداری لە خۆشیەکانی سەری ساڵ و بەرنامەی گوێزانەوەی خۆشی و
شادیان هەیە بۆ وڵاتانی تری دنیا، بەڵام موچەخۆرانی هەرێم، بەدەست وەرنەگرتنی موچەیەکی
ناچیزەوە گیرۆدەن.
فەرمانبەران و
موچەخۆرانی هەرێم، بە کردەوە لەبەردەم دوژمنێکی دڵرەق و سیستەمێکی حزبۆکرانی بنەماڵەییدان،
ئەم سیستەم و دەسەڵاتە حزبۆکراتییە، نامۆیە بەهەموو دەسەڵاتێکی باوی ئەم سەردەمە،
لە هیچ گۆشەو جێگایەکی ئەم دنیایەدا بەو جێگایانەشەوە کە دەرگیری و جەنگ و کوشتارن
و لەگەڵ دەسەڵاتی تاسەر مۆخ کۆنەپەرست و خوێنرێژ بەرەو ڕوون، موچەی فەرمانبەران
دواناکەوێت و لێ ناقرتێنرێت، کەچی دەسەڵاتی بەدرۆ و ساختەی شانازی بەخۆوە کردوی
کورد و بەدیاریکراوی پارتی و یەکێتی، سەرباری کێوێک لە سەروەت و سامان و دزی سیستماتیک،
خۆیان لە دابەش کردنی موچە دەدزنەوە.
ئەم دەسەڵات و
سیستەمە میلییشیاییەی پارتیی و یەکێتی و هاوبەشەکانیان، هیچ بژاردەیەکیان بۆ چینی
کرێکار و جەماوەری بەش مەینەت نەهێشتۆتەوە، جگە لە راماڵین و توڕانیان بۆ مۆزەخانەی
دەسەڵاتە تاڵانچییەکانی میژووی مرۆڤایەتی. پیویستە و دەبێ بۆ ئەو نەبەردە ئامادەبین، ئایندەیەکی باشتر و موچەیەکی گونجاو ستاندارد بۆ ژیان و خزمەتگوزاری پێویست لە ژێر
سایەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و هاوبەشەکانیاندا وەهمە، بۆیە چارەسەر زوو
رزگاربوونە لەدەستیان بە کۆتاییهێنان بە دەسەڵات وهەژموونیان.