سەردێڕ:

کارنامەی ئەمریکا و نێردراوەکانی سەرۆک ترەمپ بۆ عێراق

PM:04:31:01/12/2025
780 جار خوێندراوەتەوە
بەهرۆز رەئوف
+ -

سەردانی تۆم باراک نێردەی سەرۆک ترەمپ لەسوریا، بۆ عێراق و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق موحەمەد شیاع سودانی و پەیامە پڕ لەهۆشدارییەکەی نێردەی تایبەت مارک ساڤایا کەبەم نزیکانە دەستبەکار دەبێت لەعێراق،لەپەڕەی تایبەتی خۆی لە ئێکس کە ئاماژە بەوەدەکات کە عێراق لەبەردەم دوو ریانێکی یەکلاکەرەوەدایە: یان بەرەو دامەزراوەی سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت کەتوانای جێبەجێکردنی یاساو راکێشانی وەبەرهێنانیان هەبێت،یان دەگەڕێتەوە ناو ئەوسووڕە ئاڵۆزەی کە بارگرانی لەسەر هەموولایەک دروستکردووە.

ئەوەی لەپەیام و جوڵە خێراکانی ئەو دوونێردەیە هەستی پێدەکرێت، ئەوەیە کە ئەمریکا دەیەوێت بەپێکهێنەرانی حکومەتی نوێ لەعێراق بڵێت شتێک هەیە کە ئێوە درکتان پێ نەکردووە، برتییە لە رۆژهەڵاتێکی نوێی ناوەڕاست کەبەپێی تیۆری رێڕەوی ئیبراهیمی دادەڕێژرێت. کەبرتییە لەئاشتی لەنێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیلی.

هەرچەند ئەمە لەیاساکانی عێراقدا بەتوندی رەتکراوەتەوە بەڵام لەکارنامەی ئەمریکادایە بەلایەنی کەمەوە لەقۆناغی سەرتادا لەئاستی ‌ئەمنی و هەواڵگری دا دەست پێبکات و دواتر بەپشوو درێژییەوە هەنگاوەکانی ئەو تیۆرە بەرەو ئاستی بەرزتر بڕوات. ئەمریکا لەڕێی کارنامەیەکەوە دەیەوێت بە عێراقیەکیان بڵێت ئەوە ئەمریکا،بەتایبەت سەرۆک ترەمپ بوو توانیان رێگری لەخواستی ئیسرائیل بکات، کە لەڕێی بۆردوومانیی ئاسمانییەوە دۆخی عێراق تێکنەدات، بۆئەمەش دەرفەتێکیان بە هێزە سیاسیەکاندا بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی خۆیان لەپێشدا دواتر سیستەمە سیاسیەکە.

خواستی ئەمریکایە، رێڕەوێکی دیپلۆماسی و ئاشتەوایی و وەبەرهێنان لەناوچەکەدا دروست بکات بەبەشداری عێراق و سوریا،کە بێگومان ئەمەش لەبەرژەوەندی ئیسرائیلدایە. ئەوەی لەم قۆناغەدا بۆئەمریکا گرنگە کۆکردنەوەی چەکە لەدەستی دەوڵەت و جیاکردنەوە و سەربەخۆیی دەسەڵاتەکانە لە سیستەمە سیاسیەکەی عێراقدا، خۆ ئەگەر ئەمەش هەنگاوی بۆنەنرێت، ئەوە رۆژانێکی باش چاوەڕوانی عێراق ناکات، بەلایەنی کەمەوە سەرەتا عێراق رووبەڕووی دۆخێکی سەختی سزادانی دەستبەسەرداگرتنی داهاتی نەوتە کە داهاتەکەی لەبانکەکانی ئەمریکادایە. بۆیە ئەوەی گرنگە درککردنی کارەکتەرە سەرەکییەکانی عێراقە بەم مەترسیانەو پێویستە هاوسەنگییەک دروستبکەن.

گەلەری