گەرمیان و بازیان..خێریان بۆ هەمووان..باجیش لەسەر خۆیان!!
PM:04:26:01/12/2025
1016 جار خوێندراوەتەوە
دانا تەیب مەنمی
+
-
چەمچەماڵ و گەرمیان بە غاز و
نەوت دەوڵەمەندن و بەهۆیەوە کارەبای سەرتاپای کوردستان و بگرە بەشێکی عێراقیش
دابیندەکرێت؛ بەڵام خەڵکی چەمچەماڵ و شۆڕش و گەرمیان بەگشتی تەنانەت ئاوی پاکی
خواردنەوەشیان نییە و رێگاوبانی باشیان نییە و زۆربەی گەنجەکانی بێ کارن!! زۆربەی
قوربانیانی جینۆسایدی ئەنفال خەڵکی گەرمیانن، بەڵام ئایا دوای زیاتر لە۳٤ ساڵ لەفەرمانڕەوایی دەسەڵاتی کورد
و حکومەتی هەرێم، چی کراوە بۆ کەسوکاری ئەنفالەکان و تا ئێستا چەند مستەشار و
سەرۆک جاش--ئەوانەی بەبڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنیان
هەیە-- لەکوردستان دەستگیرکراون؟! یان ئێستا نەوە و کوڕ وکچەکانیان پەرلەمانتار و
بەرپرسن تا لە هەرێم و بەغدا بەرگریی لەمافەکانی کەسوکاری ئەنفالکراوان و
کیمیابارانی هەڵەبجەو خەڵکی کوردستان بکەن!! قەزای
بازیان، بە پێکهاتەی جیۆلۆجی بەرد و خاکەکەی باشترینە بۆ دروستکردنی چیمەنتۆ. لە
ئێستادا پێنج کارگەی گەورەی چیمەنتۆ لەسنوری قەزاکە هەیە، و ژمارەکە بەرەو
زیادبوونیش دەڕوات. ساڵانە هەزاران کەسی ناوچەکە بەهۆی تۆز و ژەهری ئەو کارگانە
و،کارگەکانی شیش و پۆڵاوە، تووشی نەخۆشی شێرپەنجە و تەنگەنەفەسی دەبن. بەڵام کوا چی
بۆ خەڵکی بازیان کراوە؟ ئایا ئەو کارگانە هیچ هاوکارییەکی سندوقی تووشبوانی
شێرپەنجە و نەخۆشخانەی هیوادەکەن؟ بازیان چەند ساڵێکە، بەتایبەت ئەو گوند و
ناوچانەی هێشتا دوکەڵ و ژەهر و تەپوتۆزی سەرمایەدارەکان و کارگەکانیان
نەیخنکاندوون، برەوێکی باشی چالاکی کشتوکاڵی و باخداریی بەخۆیەوە بینیوەو بووەتە
سەبەتەیەکی باشی خۆراک بۆ شاری سلێمانی.
سەرەڕای ئەوەی جوتیاران و
خاوەن خانووە پلاستیکیەکان دەڵێن حکومەتی هەرێم هیچ هاوکارییەکان ناکات و بگرە
ڕۆژبەڕۆژ مەرج و کرێی کارەبایان لەسەر زیاد دەکات و مەرجەکانی دەرهێنانی ئاوی
ژێرزەوی زۆر قورسترکردووە!! لەجیاتی ئەوەی کارئاسانی بۆ جوتیارانمان بکرێت و
هاوکارییان بکرێت و مەرج و رێوشوێنەکانیان لەسەر ئاسان بکرێت، وا خەریکە ئیتر ئەو
هێندە سەوزایی و کشتوکاڵەی ماوە ئەویش ریشەکێش دەکرێت. ئایا کوردستان
پێویستی بە کارگەی زیاتری چیمەنتۆیە یان دابینکردنی ئاسایشی خۆراکی؟ پێشبینی
دەکرێت لەماوەی دە ساڵی داهاتوودا سنوری شاری سلێمانی درێژببێتەوە هەتا بناری شاخی
بەرانان ، بەتایبەت دوای تەواوبوونی شاڕێی بابان و کشانی شار بەرەو باشوور، ئایا
پسپۆڕان و دڵسۆزانی ئەم شارە و دەسەڵاتدارەکانی بیریان لەو کارەساتە مرۆیی و
ژینگەییانە نەکردووەتەوە کەلەماوەی چەند ساڵی ئایندەدا روودەدەن کاتێ سنوری دووریی
کارگەکانی چیمەنتۆی بازیان و شاری سلێمانی تەنها چەند کیلۆمەترێک و شاخی بەرانان
دەبێت؟!شاخی بەرانان کە چەند ساڵێکە کۆمپانیاکانی چیمەنتۆ کەوتوونەتە دڕینی
ناخ و هەناوی به دەمی شۆفڵ و بەردشکێنەکانیان، ئایا ئەو کۆمپانیایانە لەبەرامبەر
ئەو قازانجە بێ شومارەی دەیکەن و ئەو ئاستە بەرزەی هەواو خاک و ئاوی کورستان پیس
دەکەن، چی بەشدارییەکیان هەبووە لە ئەنجامدانی پڕۆژە بۆ قازانجی گشتی و ژێرخانی
تەندروستی و پەروەردە و ڕۆشبیریی و دروستکردنی پارک و سەوزایی ؟!