رۆڵى کوردانى تاراوگە لە هەڵبژاردنە
ناوخۆییەکانى کوردستان
PM:09:51:05/11/2025
2960 جار خوێندراوەتەوە
رێبوار عەبدوڵا
+
-
لە ١٩ـی
ئایاری ساڵی ١٩٩٢، هەرێمی کوردستان یەکەم خولی هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی پەرلەمانی
کوردستانی بەخۆوە بینی! لەوساوە هەتا پارساڵ، کە خولی شەشەمی پڕۆسەکە بەڕێوەچوو، زیاد
لە ١٣ ساڵ کابینە جیاوازەکانی حکومەتی هەرێم لە بۆشایی یاساییدا گوزەراندوویانە، بە
مانایەکی دیکە، ١٣ ساڵ هەڵبژاردن و پێکهێنانی کابینە وەزارەتییەکان پاش کەوتوون و
پێکنەهێنراون! یانی هەرچۆنێک ژمارەکان بە یەکدی بەراورد دەکەین، کورت دەهێنێت، لەلایەک
لە ماوەی ٣٤ ساڵدا، کە دەبوو نۆ جار پڕۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەچووبایە، تەنها شەش
جار پڕۆسکە سەرڕێ کەوتووە، بەڵام لە بەرانبەردا نۆ جار کابینەی حکومەت پێکهێنراوە.
بێگومان ئەم سەرگەردانییە سیاسییە تەنها لە وڵاتانی ناسەقامگیر و سیستەمخراپ بەرچاودەکەوێت،
کە هۆی سەرەکی پەڕاگەندەیی تاکی کوردە بۆ وڵاتانی ئەورووپا و دروستکردنی ئەو هەستەیە،
کە هەرگیز ئەم سیستەمە قابیلی چاککردن نییە. بۆیە گریمان ئەوەی لە مێژووی دوای ڕاپەڕیندا
ڕوویدا، جۆرێک بوو قبووڵکردنی داکەوتی سیاسیی ناجۆر، کە سرووشتی هەر قۆناغێکی نوێی
حکومڕانییە، بەڵام بۆ دۆخی ئێستا کە ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا
تێدەپەڕێت و هێشتا ناکۆکییەکان لەسەر تەنها وەزارەتێکی پایەبڵند ئاستەنگی گەورەی
دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەتێکە، کە وا بڕیارە چەتری خزمەتگوزاریی زیاد لە شەش ملیۆن
هاوڵاتی بێت.
ئەوەی
هاوڵاتیانی بێزار و خەمسارد کردووە، لە هەمبەر بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە،
وەرنەگرتنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پارساڵە، کە تاکوو ئەم چرکەساتە، نە پەرلەمان وەک
تاکە مینبەری هەڵبژێردراو کۆبوونەوەکانی خۆی گرێدەدات و نە هیچ حکوومەتێکی تازەش پێکهاتووە،
ئەمەش ناڕاستەوخۆ جاڕی بێبەهایی پڕۆسەی هەڵبژاردن و کەمبایەخکردنی دەنگی هاوڵاتییانە،
لە وەها دۆخێکیشدا تاکی هۆشیار دەرک بەو ڕاستییە بێ چەندوچوونە دەکات، کە ئەو پڕۆسە
دەستەجەمعییانەی بەناوی دێموکراسییەوە دەبنە مقاشی دەستی گرووپێک، یاخود دوو گرووپی
قۆرخکار، جگە لە سوود بۆ نوخبەیەکی خۆسەپێن، کەسی دیکە نە لێی بەهرەمەند دەبێت و نە
ئومێدێکیشی لەسەر هەڵدەچنێ.
هەر لە
پەیوەند بە ئەم باسە، کوردانی تاراوگە، بەتایبەت ئەو گرووپ و کۆمەڵە ناڕازییەی کە
ئاوارە و پەڕیوەی دەستی نادادی و زوڵمی دەسەڵاتی دوو ماڵباتی حکومڕانن، هەمیشە چاویان
لەوەیە بەڵکوو هەڵبژاردنەکان وەڵامدەرەوەیەکی دروستی خواستی خەڵکی ستەمدیدە و چەوساوە
بن، بەڵام ئەتمۆسفێری هەڵبژاردنەکە و هەڵسووڕێنەرانی ئەو پڕۆسەیە، هێندە جێی ئومێدێکی
گەورە نین کە لەڕێی سندووقەکانی دەنگدانەوە بگۆڕن و بنیادبنێن، بۆیە لە چرکەساتێکی
وەهادا، ئەو هێزە داینامیکییە زۆرەی، کە چاوەڕێی گۆڕانی مەزنی نێوخۆی وڵاتن، دەبێ
کاراتر و کاریگەرتر بێنە مەیدان و قسەیان هەبێت لەسەر دۆخەکە، چ بە جاڕی بانگەشە بۆ
بایکۆتی ئەو پڕۆسە گاڵتەجاڕییەیی کە جگە لە ماکیاژی دەسەڵات، هیچی دیکەی لێ شین
نابێ، یاخود بە پاڵپشتی کاندیدانی دەرەوەی ئەو بازنە سیاسییە قۆرخکراوەی، کە ناوی
لێنراوە پرۆسەی سیاسی.
دواجار
ئەگەر پێکنەهێنانی حکوومەت، یەکێک بێت لە دەرهاویشتە خراپەکانی لاوازیی ڕۆڵی پەرلەمان،
ئەوا لە ئاییندەدا ماکە خراپەکانی پشتکردنە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، هێندە زیاد گەشەدەکەن،
بەجۆرێک ڕەنگە هەموو ساڵێک هەڵبژاردنێکی بێ ئەنجام بە هەڵبژاردنێکی دیکەی بێ ئەنجام
بسپێرین. ئەمە سەرڕای ئەوەی هەمان دۆخی سیاسیی ڕەنگدانەوەی هەبووە بەسەر دۆخی ڕێکخراو
و نێوەندە مەدەنییەکانیشدا و هیچ یەکێکیان ئامادەنین هەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرپەرشتیارانی
خۆیان بکەن، یاخود کۆنگرە بۆ پێداچوونەوە بە کارەکانی خۆیان ببەستن. لێرەدا دیسان
فەزای تاراوگە و تاراوگەنشینان دەکەونەوە بەردەم ئەرکێکی دیکەی ئەخلاقی، ئەویش
دروستکردنی فشارە لەڕێی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ئەورووپا، کە هیچ نەبێ هەتا ئەو ڕێکخراو
و ناوەندە کوردستانییانە خۆیان نوێ نەکەنەوە و کۆنگرەی پاکو بێگەرد ئەنجام نەدەن،
هاوکار و یارمەتیدەریان نەبن.