بێ هیوایی، بەڵام تروسکەی ئومێد!
PM:10:28:09/10/2025
488 جار خوێندراوەتەوە
عەبدولباست عومەر
+
-
ساڵانێکە بە هۆی تاڵانکاری و نادادیی و رێگرتن لە ئازادی رادەربڕین و بەرتەسککردنەوەی
ئازادییەکانی شەخسییەوە، خەڵکی بەشمەینەتی هەرێمی کوردستان، تووشی نائومێدییەکی
ئاسۆلێڵ بووە.
هەرچەند چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن چ لە ناوخۆی کوردستان و چ بۆ حکومەتی ناوەندی
ئێراق، ئەنجام ئەدرێ، وەلێ ئەو گەمە سیاسییە وەکی سیحری جادووگەر بەسەر خاوەنەکەیدا
هەڵگەڕاوەتەوە و حکومەتی هەرێمی کردووەتە مەلەوانە درۆزنەکە و کەس بڕوا بە بەڵێن و
پلانە خەیاڵاوییەکانی ناکا.
ئەو بارودۆخە وای کردووە گەنجان بە لێشاو ڕوو لە هەندەران بکەن و چینوتوێژەکانی
دیکەیش هەوری بێهیوایی باڵ بەسەر دیدگە و ئایندەبینییاندا بکێشێ.
بەڵام هەروەک لای هەمووان ڕوونە، هەمیشە ترووسکایی ئومێدێ ئەبێتە مەشخەڵی ڕێ
و بەرچاوی خەڵک و جەماوەر ڕۆشن ئەکاتەوە.
ئەوەی لە سیستمی سیاسیدا پێی ئەوترێ: ئۆپۆزیسۆنی کارا، وەکی ڕێنیشاندەرێ ئەکەوێتە
پێش جەماوەر و ئەبێتە بڵندگۆی جاڕدانی ماف و داواکارییە ڕەواکانیان.
خۆشبەتانە لە هەرێمەکەی ئێمەیشدا جووڵانەوەیەکی وەکوو (نەوەی نوێ) ئیمڕۆکە
بووە بە جێگەی ئومێدی سەتانهەزار هاوڵاتی و نەشتەری ڕەخنەی لە دەسەڵاتی گەندەڵ و
نووکی ڕمی لە دژی تاڵانکاری و بەهەدەردانی سامانی نەوەکان، تیژکردووە.
تاکە هێزێ کە بتوانێ ترووسکایی ئومێد لەم بارە نالەبارە تاریکەدا بگەڕێنێتەوە،
مەگەر هەر مۆم و گڵۆپەکەی ئەوبێ.
بۆیە پێویستە هەمووان لەم کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەدا، ڕوو لە ساباتی ئەو
بکەن و بەڵێنی سەرخستن و پاڵپشتیکردنی بدەن.
بۆیێ باشترین ئامرازێک بۆ چارەسەری ئەو ناڕێکی و ستەمە سیاسییە بەشداریکردنە
لە پرۆسەی دەنگدان و تاقیکردنەوەی هێزێکی نوێیە، کە بەڵکو بتوانێ جوداوازییەک لەشێوەی
ئیدارەداندا بهێنێتە گۆڕێ و دەموچاوی نوێ بهێنێتە مەیدانی خزمەتکردن و کاری پەرلەمانتاری.
ئەوەی زانراوە، بایکۆت و بێ هەڵویستی و سستی لە بەشداریکردن، تەنیا لەبەرژەوەندی
دەسەڵاتدارانی ئێستا و حکومڕانی هەرێمدایە.
هەروەک گۆڕانکاری سیاسی لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە، تاکە ڕێگەی دیموکراسی
سەرکەوتووە و باشترین ئامرازی مەدەنییە بۆ گۆڕانکاری ڕاستەقینە.
سابەڵکو خۆری هیوا بۆ جارێکی دی، بەسەر کوردستانەکەماندا تیشکی بگەشێتەوە و
ئومێد بۆ هەمووان بگەڕێتەوە.