سەردێڕ:

بەهۆی مەترسی دروستبوونی لافاو هۆشداری دەدرێتە شۆفێران

PM:09:58:07/12/2025

7164 جار خوێندراوەتەوە

هاتووچۆی سلێمانی ده‌ڵێت، داوا لە سەرجەم شۆفێران دەکەن لەکاتی هاتنی ئەو شەپۆلە لە باران بارین پابەندی رێنماییە سەلامەتییەکانی هاتووچۆ بن و نەچنە ئەو جێگایانەی ئەگەری کۆبوونەوەی باراناوی تێدا دەبێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٧ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، بەرێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "وەک ئاگادارن بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی شەپۆلێکی چڕی بارانبارین رووی لە شارەکەمان کردووە و ئەگەری دابارین بەشێوەی لێزمە و بەخوڕ هەیە و ئامادەکاری تەواومان کردووە لە پێناو پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتییان و شۆفێران".

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرجەم مەفرەزە و ئالیەتەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەرکێک کە لە کاتی پێویستدا پێیان بسپێردرێت.

هەروەها بەشی راگەیاندن و هۆشیاری و رادیۆی ترافیکFM بەردەوام لە ئەرکدا دەبن و لە هەر حاڵەتێکی لە ناکاو ئاگاداری بڵاو دەکەنەوە بۆئەوەی شۆفێران بەدووربن لە هەر مەترسییەک ئەگەر بوونی هەبوو لە شەقام و رێگاکانی دەرەوەی شار.

هاوکات هاتووچۆی سلێمانی داوا لە سەرجەم شۆفێران دەکات لەکاتی هاتنی ئەو شەپۆلەی بارانبارین پابەندی رێنماییە سەلامەتییەکانی هاتووچۆ بن و نەچنە ئەو شوێنانەی ئەگەری کۆبوونەوەی باراناوی تێدا دەبێت و خۆیان نەخەنە دۆخێکی مەترسیدار و لەکاتی حاڵەتی پێویستیش دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە خێراکان بکەن.













گەلەری