سەردێڕ:

٣٣ ساڵ چاوەڕوانی؛ ئێستا کاتی حیسابە!

PM:06:13:05/10/2025
164 جار خوێندراوەتەوە
بەشدار هەمزە
+ -

سێ دەیەو سێ ساڵە ئەم دوو هێزە دەسەڵاتدارە فەرمانڕەوایی کوردستان دەکەن، بەڵام ئەنجامەکە چییە؟ وێرانی، هەلاکەت، و ژیانێکی پڕ لە قەیران! ئەی هاوڵاتی، ئەگەر ئەم جارەیان هاتنە بەردەمت و داوای دەنگیان کرد، دەبێ پرسیاری ئەم ٣٣ ساڵەیان لێ بکەیت: لە ماوەی ٣٣ ساڵدا، کوردستانیان کردە چی؟

تەندروستی: نەخۆشخانەکانمان شەرمەزاری هەموو ناوچەکەن لە خراپترین دۆخدان لە رۆژهەلاتی ناوەراست. نەخۆشەکان ناچارن بچنە دەرەوە بۆ چارەسەر دەرمان نییە، تاقیگە نییە، کرێی پزیشکی زۆرگرانە، ئایا ئەمە دەستکەوتە لە ٣٣ ساڵدا؟

پەروەردە: قوتابخانە و زانکۆکانمان لە خراپترین باردۆخدان لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەوەیەک بێ زانیاری، بێ لێهاتوویی، خوێندنیش تەواو بکەن بێ کار لەمالەوە بێ داهاتوو، مامۆستایان بێزار موچە و مافی نیە، خوێندکاران هیوایان بڕاوە، ئەمە چ شانازییەکە؟

ئابووری: هیچ ژێرخانێکی ئابووری دروست نەکراوە مووچەی مانگانە نادرێت، بودجە پەسەندکردن لە ٢٠١٣ وە نەماوە لەپەرلەمان، پڕۆژەکان زۆر کەم بوون هەشبن ناتەواون و سەر بە کۆمپانیای حزبین. ٣٣ ساڵ و هێشتا پشت بە بەغدا دەبەستین بۆ هەر قروشێک!

کەرتی تایبەت: تەواو داڕووخاوە! کۆمپانیا و کارگەکان دەرگایان داخستووە. پارەی کۆمپانیاکان نادرێت مەگەر هی حزب بن. بازرگانی ئازاد تەنها بۆ کۆمپانیاکانی حزبە، خەڵکی ئاسایی هیچ شانسێکیان نییە بۆ کارکردن و پێشکەوتن.

کشتوکاڵ و ئاژەڵداری: ژێرخانەکەی تەواو وێران بووە جوتیار و کشتوکاڵکار بێناز پشتگوێخراو، بێ پشتیوانی، ئاو نییە، کەرتێک کە دەبوو بنەمای ئابووری هەرێم بێت ئێستا لەناوچووە، ئەوانەی پێشتر خاوەنی زەوی و ئاژەڵیان هەبوو، ئێستا بێکارن و لە شارەکاندا دەگەڕێن بۆ لوقمەیەک نان.

پەرلەمان: داخراوە! دیموکراسییە کارتۆنیەکەتان کلیلی خستۆتە پزوی پشتێنەکەی خاوەن دیوەخان، بەڵام هەموو رۆژێک دەچنە بەغدا و دانوستان دەکەن بە چ ناوێک؟ بە چ مەرجەعییەتێک؟ لەکاتیکدا پەرلەمان پەکخراوە و حکومەتی ماوەبەسەرچوون.

کارەبا و ئاو: دوای ٣٣ ساڵ، هێشتا کارەبای بەردەوام نییە! ماوەیەکە پرۆژەیەکتان راگەیاندوە بەناوی پرۆژەی روناکی کارەبا ٧٢ جار گرانترە لە نرخی پێشو هەموو رۆژێک بیانووی نوێ بۆ زیادکردنی کارەبا داهاتی گمرگەکان کەس نازانێت چەندەو بۆ کێ و کوێ دەچێ!

هەلی کار: نیە هەشبێت تەنها بۆ ئەندامان و لایەنگران! ئەگەر پشتگیری حزبت نییە، هیچ شانست نییە، خەڵکی بێلایەن لە خۆیان دەپرسن: ئایا ئێمە هاووڵاتی ئەم مەملەکەتەین؟

ئازادی ڕادەربڕین: ڕەخنەیەک بگریت، یان دەگیرێیت، یان هەرەشەت لیدەکەن، یان لەناوتدەبەن، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانان لە ترسدان لە زیندان دان کوژراون ونکراون کوا ئەو دیموکراسییەی باسی دەکەن؟

ماددەی ١٤٠: لەدوای ٢٠٠٣ وە باسی دەکەن، بەڵام هیچ نەکراوە! لە جیاتی ئەوەی کرکووک و ناوچە کوردنشینەکان بگەڕێننەوە، لەسەر پلە و پۆست و پارە دانوستان دەکەن.

ڕیفراندۆم: میلیۆنێک کورد دەنگیان دا، بەڵام ئەنجامەکە چی بوو؟ درۆ و بەڵێن کوردستان هەر لە هەمان شوێنە، بەڵکو خراپتریش بووە. ٪٥١ ی خاکی کوردستانتان لەدەستداین.

ئاشتی کۆمەڵایەتی: لە جیاتی یەکگرتوویی، کۆمەڵگە بەشبەش کراوە. حیزب لە دژی حیزب، ناوچە لە دژی ناوچە، خێڵ لە دژی خێڵ، شار لە دژی شار.

ئایین و باوەڕ: شەپۆلێکی بێ وێنەی هێرش لەسەر ئیسلام و نەریتەکان، بە پشتیوانیی ئاشکرای دەسەڵات! مزگەوت سووکایەتی پێدەکرێت، ڕۆژوو گاڵتەی پێدەکرێت، حیجاب دژایەتی دەکرێت کوا رێز لە باوەڕی خەڵک؟

دادگا: بە تەلەفۆنێک بڕیار دەدرێت! دادوەر ناتوانێت دادپەروەرانە کار بکات، هەموو شتێک بەپێی بەرژەوەندی سیاسی ڕێکدەخرێت.

دوای ٣٣ ساڵ لە حوکمڕانی، ئەمە دەستکەوتەکانە: نەخۆشخانەی کارا نییە، قوتابخانەی باش نییە، مووچە نادرێت، کارەبا نییە، کار نییە مەگەر بۆ لایەنگران، کەرتی تایبەت داڕووخاوە، کشتوکاڵ و ئاژەڵداری وێران بووە، ئازادی نییە، دادپەروەری نییە، کرکووک و ناوچە دابراوەکان نەگەڕایەوە، ڕیفراندۆم بووە درۆ و لەدەستدانی زیاتر لەنیوەی خاکی کوردان، کۆمەڵگە پەرتەوازە بووە.

 

ئێستا دەیانەوێت دیسان دەنگیان پێبدەین؟ نەخێر! ئەم جارە بە ئاگاین! ٣٣ ساڵ بەسە! دەنگمان بۆ ئەوانە نابێت کە کوردستانیان کردە وێرانە! دەنگمان بۆ ئەوانە نابێت کە نەوەیەکیان لەناوبرد! دەنگمان بۆ ئەوانە نابێت کە تەنها بەرژەوەندی خۆیان دەپارێزن! کاتی گۆڕانکاری هاتووە. کاتی ژیانێکی نوێیە، ٣٣ ساڵی شکست بەسە!

گەلەری