سەردێڕ:

یەکێتی ئەوروپا: لە ئۆکرانیا دەستوەردانی سەربازی ناکەین

PM:11:53:12/03/2022

3720 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، "یەکێتی ئەوروپا دەستوەردانی سەربازی لە ئۆکرانیا ناکات بۆ ئەوەی لە شەڕێکی گەورە دوورکەوێتەوە"، دەشڵێت، روسیا دەتوانێت چالاکییە سەربازییەکانی زیاتر بکات.


جۆزێف بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەنالی بی بی سی تورکیدا ئاشکرایکرد، "لە پێناو دوورکەوتنەوەمان لە جەنگێکی گەورە یەکێتی ئەوروپا هیچ دەستێوەردانێکی سەربازی لە ئۆکرانیا ناکات."

ئاماژەی بەوەشدا، "لەلایەک دەمانەوێت هاوکاری ئۆکرانیا بکەین و لەلایەکی تریش دەمانەوێت جەنگ بوەستێنین."

بۆریل ئەوەشی خستەڕوو، "ترسی زۆر هەیە لەبارەی ئەوەی روسیا دەتوانێت سنوری چالاکییە سەربازییەکانی بۆ وڵاتانی ناتۆ یان هەر وڵاتێک کە خۆی بیەوێت فراوانتر بکات و پێویستە بە هەموو توانامانەوە یارمەتی ئۆکرانیا بدەین و بە سزاکانمان روسیا لە جیهان داببڕین."

زیاتر لە دوو هەفتەیە هێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بەردەوامە و سەرۆکی ئۆکرانیا بەردەوام داوا لە ئەمریکا و ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا دەکات بە شێوەیەکی سەربازی هاوکاری وڵاتەکەی بکەن.













گەلەری