سەردێڕ:

وەزارەتی شارەوانی: بە سەرسووڕمانەوە هەواڵی راگرتنی پرۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانیمان بیست

PM:07:52:12/03/2022

5924 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای قەیوان کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی ناسراو بە "ئۆتۆبانی بابان" رایگەیاند، بەهۆی خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانیان لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە، کارکردن لە پرۆژەکە راگیرا، لە بەرامبەردا، وەزارەتی شارەوانی دەڵێت، "بە سەرسووڕمانەوە ئەو هەواڵەمان لە میدیاكانەوە بیستووە، چونکە حکومەت بودجەی پێویستی بۆ سەرجەم پڕۆژەکان تەرخانکردووە."


وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم روونکردنەوەیەکی لەبارەی جێبەجێکردنی پرۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "كاری هیچ پرۆژەیەک لە سەرتاسەری كوردستان بە كاری پرۆژەی ١٠٠ مەتریی سلێمانیشەوە، نە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، نە لەلایەن هیچ سەرۆکایەتییەکی شارەوانی رانەگیراون و ئێمە بە سەرسووڕمانەوە ئەو هەواڵەمان لە میدیاكانەوە بیستووە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوپەڕی ئاسانکاری و پشتگیری لە کۆمپانیا خۆماڵییەکان کردووە و بەردەوامیش دەبێت لە پشتگیریکردنیان، هەروەها بودجەی پێویستی بۆ سەرجەم پڕۆژەکان تەرخانکردووە."

باسی لەوەشکردووە، "ناوهێنانی وەزارەت بە ناڕاستی و ڕاگرتنی كاری پرۆژە بەدەر لە گرێبەست، پێچەوانەی بڕگەکانی گرێبەستە و لەو بارەیەوە وەزارەت رێکاری پێویست دەگرێتەبەر."

پرۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی "ئۆتۆبانی بابان" لە چوار قۆناغ پێکدێت لە ساڵی ٢٠١٤دا بەردی بناغەکەی دانرا، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠دا جارێکی دیکە بەردی بناغەی دانرایەوە و بڕیارە مانگی ئابی ٢٠٢٣ قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە تەواو بێت.













گەلەری