سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، چاکسازی درۆیەکی گەورەبوو لەم کابینەیەدا بەرزکرایەوە و پێچەوانەکەی جێبەجێ کرا، چونکە هیچ شتێک چاک نەبووە و بگرە خراپتریش بووە.
ئەمرۆ شەممە، کاوە عەبدولقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەسایەی حوکمڕانی پارتی و یەکێتیدا رۆژ لەدوای رۆژ بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان بەرەو خراپتر دەچێت.
دەشڵێت،گەندەڵی و قۆرخکاری و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان بۆتە سیمای دیاری ئەم دەسەڵاتە.
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ
باسی لەوەشکردووە، سەروەت و سامانی ئەم میلەتە دەچێتە گیرفانی دوو بنەماڵەی حوکمڕانەوە
و هیچ ئاسۆیەکی باشتربوونی ئیدارەدان بەدی ناکرێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، چارەنوسی
ئەم وڵاتە لەبەردەستی پارتی و یەکێتی بەرەو ئایندەیەکی مەترسیدار هەنگاو دەنێت بەجۆرێک
بێزاری خەڵک گەیشتووەتە رادەیەک دوور نییە لەئایندەیەکی نزیکدا وەک بورکانێکی ئاگرین
بتەقێتەوە و گڕبگرێت و تەڕو وشک بەیەکەوە بسوتێنێت.
دەشڵێت، "پێویستە ئەم
دەسەڵاتە لێرەدا بوەستێنرێت و هەرچی زووە هەمووان بەیەکەوە بیربکەینەوە و هەنگاو
بنێین بۆ رزگارکردنی ئەم هەرێمە لەو دەسەڵاتە خۆسەپێن و گەندەڵ و ستەمکارە کەباکی
بەهیچ شتێک نیە."
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی
رابردوودا نرخی سوتەمەنی، بەنزین و نەوت و غاز بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
هەروەها، نرخی خواردن و پێداویسییەکان لەبازاڕەکانی هەرێمدا بەرزبوونەتەوە،
سەرەڕای ئەوەی بەرزبوونەوەی نرخی ئارد و غاز خاوەن نانەواکانی ناچارکرد گردبوونەوە
بکەن و هۆشداری لەبارەی داخستنی نانەواکانیاوە دەدەن.
لەلایەکی دیکەوە، بەهۆی
نەدانی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران و ژینگەپارێزانەوە رۆژانە توێژە جیاجیاکانی
وڵات بەردەوامن لە بایکۆت کردن و خۆپیشاندان. لەلایەکی دیکەوە هاوڵاتییان گلەیییان
لە بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا و ئاو و پارەی پێوەری زیرەک هەیە. خزمەتگوزارییەکانی
و رێگەو بان و تەندروستی و پەروەردە و سەرجەم کەرتەکانی دیکە لەهەرێمدا دوای ٣١
ساڵ لە حکومڕانی یەکێتی و پارتی رۆژبەڕۆژلە پاشەکشەدایە. ئەمەش لەکاتێکدایە نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاو لە بازاڕەکانی
جیهاندا ١١٢ دۆلاری تێپەڕاندووە