سەردێڕ:

نوێترین زانیاری لەبارەی گەشتە ئاسمانییەکانی هەرێم بۆ تورکیا دوای راگرتنیان لەلایەن عێراقەوە

PM:02:24:12/03/2022

9656 جار خوێندراوەتەوە

هەردوو بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی بە ئێن ئاڕ تییان راگەیاند، تا ئەم ساتە هیچ گەشتێکی هەرێم بۆ تورکیا بەگشتی و فڕۆکەخانەی ئەستەنبوڵی نێودەوڵەتی بەتایبەتی بەهۆی خراپی کەشوهەواوە رانەگیراون و بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوامن.


ئەمڕۆ شەممە، ئەحمەد وشیار بەڕێوبەری فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تا ئەم ساتە هیچ گەشتێکی نێوان فڕۆکەخانەی نێودەولەتی هەولێر و ئەستەنبوڵ رانەگیراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، تا ئێستا گەشتەکان بەردەوامن، بەڵام دیارنیە لە کاتژمێرەکانی داهاتوو چی دەبێت.

وتیشی، ئەوان گەشتەکانیان لەگەڵ تورکیا بە زۆری شەوانە و بێ گرفت بووە.

هەروەها، چاوگێک لە‌ فڕۆكەخانە‌ی نێودەوڵەتی سلێمانیشەوە بە‌ ئێن ئاڕ تی راگە‌یاند، تا ئێستا گە‌شتە‌كانی نێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و فڕۆکەخانەی ئەستەنبوڵ بەردەوامە و ئاساییە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ‌ هێڵی ئاسمانیی عێراق رایگەیاند، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی تورکیا پێی راگەیاندوون کە لە ئەمڕۆوە بەهۆی ناجێگیری کەشوهەواوە سەرجەم گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی ئەستەنبوڵ راگیراون.

لەلایەن خۆشیانەوە، هێڵی ئاسمانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا گەشتیارانی ئاگادارکردەوە، راگرتنی گەشتەکان تەنها بۆ ئەمڕۆیە و دوای ئاسایی بوونەوەی دۆخی کەشوهەوا، دەستپێدەکەنەوە.

شەپۆلێکی چڕی بەفربارین رووی لە تورکیا کردووە و بەهۆیەوە دۆخی کەشوهەوا ناجێگیرە و ئاستەنگی هاتوچۆ لە چەند شارێکی ئەو وڵاتەدا دروست کردووە.


هێرش قادر – هەولێر

گۆران لوقمان - سلێمانی













گەلەری