رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەوان ئاگاداری ھەبوونی ھیچ پرۆگرامێکی چەکی بایولۆجی نین لە ئۆکرانیادا.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر داوای روسیا لەبارەی بانگەشەکانی بوونی چەکی بایلۆجی لە ئۆکرانیا کۆبووەوە.
لەو بارەیەوە ئیزومی ناکامیتسو نێردەی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان
بۆ کاروباری داماڵینی چەک، لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا وتی،
"ئاگاداری ئەو ھەواڵانەم کە لە میدیاکان لەبارەی بانگەشەکانی پرۆگرامی چەکی
بایۆلۆجی بڵاوبوونەتەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگاداری ھەبوونی ھیچ پرۆگرامێکی چەکی
بایۆلۆجی نییە".
باسی لەوەشرد، بەپێی پەیماننامەی چەکی بایۆلۆجی ١٩٧٢، پێشخستن
و بەرھەمھێنانی چەکی بایۆلۆجی و ژەھراوی، دەستەبەرکردنی، گواستنەوە، عەمبارکردن و
بەکارھێنانی قەدەغەیە و ھەم روسیا و ھەم ئۆکراینایش بەشێکن لەو پەیماننامەیە.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، دوو رۆژ لەمەوبەر ماریا زاخارۆفا
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، بەگوێرەی ئەو ئەنجامانەی لە بەدواداچوونەکانیاندا
دەستیان کەوتووە لە سەروبەندی ئۆپەراسیۆنەکانیاندا لە ئۆکرانیا بۆیان دەرکەوتووە
حکومەتی ئۆکرانیا بەشێوەی بەپەلە کار لەسەر پڕۆگرامی بایەلۆژی سەربازی دەکات بە
هاوکاری دارایی و وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا.