سەردێڕ:

یەکێتی ئەوروپا: رۆژئاوا هەڵەی کردووە لە بەڵێندان بە ئۆکرانیا بۆ زیادکردنی بۆ ناو ناتۆ

PM:05:04:11/03/2022

10180 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، رۆژئاوا چەند هەڵەیەکی کردووە لەبارەی پەیوەندییەکانییەوە لەگەڵ روسیادا و یەکێکیش لەوانە بەڵێندان بووە بە ئۆکرانیا بە زیادکردنی بۆ ناو هاوپەیمانیەتی ناتۆ.


جۆزێف بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، "من دەمەوێت دان بەوەدا بنێم کە ئێمە کۆمەڵێک هەڵەمان کردووە بەرامبەر روسیا و ئەوانەش رێگربوون لە نزیکبوونەوەی روسیا لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوادا"، دەشڵێت، "لە هەندێک لە کاتەکاندا ئێمە دەمانتوانی باشتر پێشکەش بکەین."

باسی لەوەشکردووە، بەڵێن دان بە هەردوو وڵاتی ئۆکرانیا و جۆرجیا لە زیادکردنیان بۆ ناو هاوپەیمانیەتی ناتۆ یەکێک بووە لەو هەڵە دیارانە چونکە نەیانتوانیوە ئەوە ئەنجام بدەن.

لە ماوەی رابردوودا، بۆ ماوەیەکی زۆر سەرکردەکانی ئەوروپا و ناتۆ بەردەوام بە کیێڤیان دەوت کە قبوڵ دەکرێن بۆ ناو ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا و ئەوەش بووە هۆکاری توڕەکردنی روسیا و بووە هۆی ئەوەی کە روسیا هێرشبکاتە سەر ئۆکرانیا.

روسیا لە مانگی ١٢ی ساڵی رابردوودا داوای لە ناتۆ کرد کە بەهیچ جۆرێک ئۆکرانیا بەشداری پێنەکات لە هاوپەیمانیەتییەکەدا و باسی لەوەشکرد، ئەگەر کارێکی وا ئەنجام بدرێت ئەوا مەترسی زۆر بۆ سەر ئاسایشی روسیا دروست دەبێت و کاردانەوەی توندیان دەبێت.













گەلەری