سەردێڕ:

مەسعود بارزانی و شاسوار عەبدولواحید دوو نوسراوی دژبەیەک دەنێرن بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی

PM:08:07:29/03/2026

896 جار خوێندراوەتەوە

لە دوو نوسراوی جیاوازدا کە ئاراستەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کراون، هەریەکە لە مەسعود بارزانی و شاسوار عەبدولواحید تایبەت بە بابەتی دەستنیشانکردنی کاتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ناکۆکن. سەرۆکی پارتی داوادەکات هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دوابخرێت. سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێش داوادەکات بەزووترین کات کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩ـی ئازاری ٢٠٢٦، لە نوسراوەکەیدا شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت، "ئەو بارودۆخە نائاساییەی وڵات و ناوچەکەی پێدا تێپەڕ دەبێت لە سایەی جەنگە گەرمەکاندا، وامان لێ دەکات هەموومان بەرپرسیارێتییە نیشتیمانی و مێژووییەکانمان هەڵبگرین، و لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتییەدا بین لەبەردەم خوا و گەلەکەماندا".

دەشڵێت، لەم چوارچێوەیەدا، "ئەو جموجوڵەی ئێستا لەناو پەرلەمانی عێراقدا هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، شایستەیەکی دەستوورییە و چیتر بەرگەی دواخستن ناگرێت، بەڵکو پێویستە بە شێوەیەکی بەپەلە هەنگاوی بۆ بنرێت، گرێدانەوەی ئەم شایستەیە بەو ناکۆکییانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەن، دەبێتەهۆی درێژکردنەوەی قەیرانەکە، وەک چۆن لە ئەزموونی ئێستای هەرێمدا دیارە کە زیاتر لە ساڵ و نیوێک بەسەر هەڵبژاردنەکاندا تێپەڕیوە بێ ئەوەی ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەت بکرێت".

شاسوار عەبدولواحید باسی لەوەشکردووە، "بۆیەپەلەکردن لە یەکلاکردنەوەی دۆسیەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بە پێویست دەبینین، بەو پێیەی شایستەیەکی دەستوورییە و لە رووی پێکهاتەییشەوە بۆ پێکهاتەی کوردە، ئێمەش وەک بەشێک لەم پێکهاتەیە، پشتگیریخۆمان بۆ بەستنی کۆبوونەوەی پەرلەمان لە نزیکترین کاتدا دووپات دەکەینەوە بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەم شایستەیە بەبێ دواکەوتن".
لای خۆیەوە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتیش لە نوسراوەکەیدا بۆ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی وتوویەتی، داوا دەکەم هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دوابخرێت، پێویستمان بە دانوستانی زیاترە بۆ گەیشتن بە چارەسەری سەرکەوتووانە.



 













گەلەری