PM:08:14:28/03/2026
1648 جار خوێندراوەتەوە
سەرۆکی یەکێتی دەڵێت، "بەتووندی ئیدانەی هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی دەکەم لە شاری دهۆک" و دەشڵێت، ئەم کردەوەیە هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ شەممە ٢٨ـی ئازاری ٢٠٢٦، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە پەیامێکدا رایگەیاند، هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک کارێکی بەتەواوی ڕەتکراوەیە و جەخت دەکاتەوە کە کردەوەی لەم شێوەیە نەک تەنیا بۆ کەسایەتییەکان، بەڵکو مەترسییە بۆ سەر تەواوی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان.
هاوکات پشتیوانیی خۆی بۆ سەروەریی یاسا
دەربڕی و داوا دەکات لێکۆڵینەوەیەکی ورد و هاوبەش بۆ ئەم رووداوە بکرێت. وتیشی،
"پێویستە بکەرانی ئەم هێرشە دەستنیشان بکرێن و رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی
بکرێنەوە، ئێمەش وەک یەکێتی ئامادەین بۆ هەر جۆرە پشتیوانییەک کە بۆ ئەم پڕۆسەیە پێویست
بێت."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی یەکێتی
داوای لە هەموو لایەنەکان کرد پێکەوە کار بکەن بۆ پاراستنی سەقامگیریی نیشتیمانی و
داواشی کرد رێگە بە هیچ کەس و لایەنێک نەدرێت کە بیەوێت دۆخەکە ئاڵۆز بکات یان گرژییەکانی
ناو هەرێمی کوردستان لەم بارودۆخەدا زیاتر پەرە پێ بدات.