سەردێڕ:

وڵاتانی G7: پێویستە شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رابگیرێت و گەرووی هورمزیش بکرێتەوە

PM:08:11:27/03/2026

1780 جار خوێندراوەتەوە

شەڕ لە ناوچەکە بەردەوامە و ئەمڕۆ ئێران زنجیرەی ٨٤ـی موشەک و درۆنەکانی ئاڕاستەی ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کرد و سیستمیت بەرگریی یسرائیلی کردە ئامانج و ئیسرائیلیش ئەمڕۆ چەندین ناوچەی پیشەسازیی لە ئێران کردە ئامانج. هاوکات وڵاتانی G7 لەبارەی جەنگەوە کۆبوونەوە و داوای وەستاندنی شەڕیان کرد.


شەڕ نزیکەی مانگێکە بەردەوامە و سوپای پاسدارانیش رایانگەیاند، زنجیرەی ٨٤ـی موشەک و درۆنەکانیان ئاڕاستەی ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کرد ئاماژەشیان بەوەکرد، لە هێرشەکانیاندا بنکەکانی دژە هێرش و سیستمە دژە موشەکەکانی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج. سوپای ئێرانیش رایگەیاند، بە درۆن گەورەترین ناوەندیی گواستنەوە و پاڵپشتی سوپای ئیسرائیلمان لە تەلئەبیب بەئامانجگرتووە.

سوپای ئیسرائیلیش ئەمڕۆ چەندین ناوچەی پیشەسازی و نیشتەجێبوون و ناوچەیان لە تاران و مرەند و ئەهواز و ئەسفەهان و فەیروز ئاباد کردووەتە ئامانج و بنکەیەکی سوپای پاسدارانیشیان لە کرماشان کردە ئامانج و چەندین کەس بەهۆیەوە بوونە قوربانی. لە شاری قوومیش بەهۆی هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە زیاد لە ١٨ کوژراو و ١٠ بریندار هەبوون. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش رایگەیاند، کارگەی چاکسازیی یۆرانیۆم لە پارێزگای یەزد لە ئێران بۆردوومانکراوە. جیا لەوە سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر سێ ئامانج لە تاران و ئامانجەکانیشیان لە لوبنان دەستپێکردووە.
حزبوڵڵای لوبنانیش هێرشەکانی بۆ سەر چەندین ناوچەی ئیسرائیل دەستپێکرد، لەبارەی هێرشەکانیشەوە وەزارەتی تەندروستیی لوبنان دەڵێت، لە ٢ـی ئەم مانگەوە زیاد لە ١١٤٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاد لە ٣٣١٥ کەسیش بریندار بوون.

ئەمڕۆش وڵاتانی G7 لەسەر پرسی شەڕەکە کۆبوونەوە و وتیان، پێویستە شەڕ بوەستێنرێت و بەئامانجگرتنی ناوچە و ژێرخانی مەدەنی رابگیرێت. وتیشیان، پشتگیریی هەموو ئەو هەوڵانە دەکەن کە ئێستا لەئارادان بۆ راگرتنی شەڕ و کەمکردنەوەی زیانەکان بۆ سەر ئابووریی جیهان. جەختیشیان کردەوە کە گەرووی هورمز رێڕەوێکی گرنگه و پێویستە بە زووترین کات بکرێتەوە. چاوگێک لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش رایگەیاندووە، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ هاوشانەکانی لە ئێران و پاکستان و میسر و چەند بەرپرسێکی ئەمریکی لەسەر خەتە بۆ هەوڵدان بۆ راگرتنی شەڕ.

ئاژانسەکانیش لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویانکردووەتەوە، ئەمریکا چاوەڕێی وەڵامی ئێران دەکات بۆ ئەو پێشنیارە ١٥ خاڵییەی پێشکەشی ئێرانی کردبوو.

وڵاتانی کەنداویش بێبەش نەبوون لە هێرشەکان و ئەمڕۆ چوار موشەکی ئێرانی کە ئاڕاستەی کوەیت کرابوون تێکشکێنران. هاوکات بۆ بەرگریکردن دژی هێرشەکان وەزیری بەرگریی سعودیە وتی، لەگەڵ ئۆکرانیا لەسەر خەتن بۆ دابینکردنی سیستمی بەرگری دژە درۆن.













گەلەری