سەردێڕ:

ئەمریکا سزا لەسەر نەوتی ئێران هەڵگرت

PM:04:47:20/03/2026

2568 جار خوێندراوەتەوە

ئەمریکا بڕیاریدا سزاکانی سەر نەوتی ئێران هەڵبگرێت و وەزیری وزەی ئەمریکاش دەڵێت، لە ماوەی سێ بۆ چوار رۆژی داهاتوودا نەوتی ئێران دەگاتە بەندەرەکان.


ئەمڕۆ هەینی ٢٠ـی ئازاری ٢٠٢٦، کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە میانی چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، "لەگەڵ هەڵگرتنی سزاکاندا، نەوتی ئێران دەست دەکات بە گەیشتن بە بەندەرەکان و پێشبینی دەکەین ئەم پرۆسەیە لە ماوەی سێ بۆ چوار رۆژدا دەست پێبکات."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری وزەی ئەمریکا باسی لە پرسی یەدەگی ستراتیژیی نەوت کرد و وتی، "لە چەند مانگی داهاتوودا دەست دەکرێت بە خستنەڕووی نەوت لە یەدەگی ستراتیژییەوە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێستا لە کیشوەری ئاسیا خواستێکی زیاتر لەسەر نەوت هەیە، بەڵام ئێمە بەشدارین لە پرۆسەیەکی دابەشکردنی هەماهەنگکراودا بۆ هاوسەنگکردنی پێداویستییەکان".

ئەوەش دوای ئەوەی، سکۆت بایسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاند، رەنگە ئەمریکا سزاکانی سەر نەوتی ئێران هەڵبگرێت، ئەمەش بۆ سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە.

ئەم راگەیاندنە لە کاتێکدایە کە بازاڕەکانی نەوت بەهۆی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناجێگیرییەکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە، هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران دەبێتە هۆی زیادبوونی دابینکردنی نەوتی جیهانی و ئەگەری کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر نرخی نەوت و بەکاربەران.













گەلەری