(سەیرانگای شەمێران - بانی قۆین - دەربەندیخان)
وێنە؛ بەرزان تۆفیق
AM:11:23:20/03/2026
692 جار خوێندراوەتەوە
لیژنەی ئەمنی دەربەندیخان بە سەرپەرشتی قائیمقامیەت بۆ رۆژانی جەژن و نەورۆز بڕیاریانداوە، گەشتیاران تەنها تاوەکو کاتژمێر پێنجی ئێوارە دەتوانن بە ئاراستەی بەنداوی دەربەندیخان و ناوچە گەشتیارییەکانی بان قۆین و شەمێران هاتووچۆ بکەن و لە دوای ئەو کاتژمێرەوە رێگا تەنها بۆ گەڕانەوە دەبێت.
قائیمقامی دەربەندیخان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەمەبەستی رێکخستنی هاتووچۆی هاوڵاتییان لە رۆژانی جەژنی رەمەزان و جەژنی نەتەوەیی نەورۆزدا، لیژنەی ئەمنی دەربەندیخان بە سەرپەرشتی قائیمقام کۆبووەوە و کۆمەڵێک بڕیاری نوێی بۆ ناوچە گەشتیارییەکان و پاراستنی ئارامی ناوچەکە راگەیاند، ئەمەش لە پێناو دروستکردنی کەشێکی گونجاو و دوور لە مەترسی بۆ ئەو گەشتیارانەی روو لە ناوچە گەشتیارییەکانی سنوورەکە دەکەن.
بەپێی بڕیارە
نوێیەکانی لیژنەی ئەمنی، تایبەت بە ناوچە گەشتیارییەکانی بان قۆین و شەمێران، هاوڵاتییان
و گەشتیاران تەنها تاوەکو کاتژمێر پێنجی ئێوارە دەتوانن بە ئاراستەی رێگای بەنداوی
دەربەندیخان و ناوچە گەشتیارییەکان هاتووچۆ بکەن، بەڵام لە دوای ئەو کاتژمێرەوە
ئاراستەی هاتووچۆ دەگۆڕێت و تەنها رێگە بە گەڕانەوە بەرەو ناو سەنتەری دەربەندیخان
دەدرێت، هاوکات بڕیاریش دراوە کە بە هیچ شێوەیەک رێگا بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و ماتۆڕسکیل
نەدرێت بچنە ناو ناوچە گەشتیارییەکان و هەر کەسێک سەرپێچی بکات ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی
رێکارەکاندا، پۆلیسی دارستان و بەرگری شارستانی راسپێردراون بۆ چاودێریکردنی وردی
ئەو بەلەمانەی لە ناو دەریاچەی دەربەندیخاندا گەشتیاران دەگوازنەوە، بە جۆرێک هەر
بەلەمێک مەرجی گەشتیاری و سەلامەتی تێدا نەبێت رێگری لێدەکرێت، لە هەمان کاتدا هێزەکانی
ئاسایش و پۆلیس و هاتووچۆ و هێزەکانی فەوجی سێی بەرگری فریاکەوتن لە هەماهەنگی بەردەوامدا
دەبن بۆ پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتییان و دابینکردنی کەشێکی ئارامی بەهارانە بۆ هەموو
ئەو کەسانەی لەم یادانەدا روو لە ناوچەکە دەکەن.