سەردێڕ:

نەورۆز لەناو جەنگدا؛ ئاهەنگەکان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچن؟

AM:10:33:20/03/2026

680 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە ئێواری ئەمڕۆ هاوڵاتییان لە سەرتاسەری کوردستان یادی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز بکەنەوە، بەڵام بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی و جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، مەراسیمەکانی ئەمساڵ لە زۆربەی شارەکانی هەرێمی کوردستان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و ئاهەنگە جەماوەرییەکان هەڵوەشێندراونەتەوە.


بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێن ئاڕ تی، ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان بەهۆی دۆخی شەڕەوە، فۆکەسی لایەنە پەیوەندیدارەکان تەنها لەسەر داگیرساندنی ئاگری نەورۆزە و هیچ جۆرە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری و ئاهەنگێکی گۆرانی و موزیک ئەنجام نادرێت.

بە پێچەوانەی هەرێمی کوردستان، لە باکووری کوردستان ئامادەکارییەکان بۆ نەورۆزێکی سیاسی و جەماوەری ملیۆنی لە ئامەد تەواو کراون.

وردەکاریی بەڕێوەچوونی یادەکە لە شارەکان بەم شێوەیەیە:
هەولێر؛ لەسەر قەڵای هەولێر بە شێوەیەکی فەرمی ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە، بەڵام هیچ مەراسیمێکی دیکەی ئاهەنگگێڕانی فەرمی بەڕێوەناچێت.

سلێمانی؛ حکومەت هیچ مەراسیمێکی فەرمی ساز ناکات، بەڵام کۆمەڵەی کەلەپوور و فۆلکلۆری کورد لە گردی مامەیارە ئاگری نەورۆز دەکەنەوە و پێشوازی لە میوانان دەکەن.

نەورۆز لە ژێر سێبەری شەڕدا؛ لە هەرێم ئاهەنگەکان ڕاگیران و لە ئامەد ملیۆنێک کەس کۆدەبنەوە

دهۆک؛ لەم شارەدا هیچ ئاهەنگێکی فەرمی بەبۆنەی نەورۆزەوە بەڕێوەناچێت و تەنها بە بێدەنگی یادەکە دەکرێتەوە. 

ئاکرێ؛ لە پایتەختی نەورۆز گەنجانی شارەکە ٢٧٢٦ مەشغەڵیان ئامادە کردووە و ئاگر دەکرێتەوە، بەڵام بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران هیچ ئاهەنگێکی جەماوەری ساز ناکرێت و یارییە ئاگرینەکانیش ناتەقێنرێن.

زاخۆ؛ لەسەر پردی دەلال ئاگری نەورۆز هەڵدەکرێت و مەڕاسیمێکی سنوورداری بۆ ڕێکدەخرێت، بەڵام لەوێش ئاهەنگی جەماوەری قەدەغە کراوە.

کەرکووک؛ لەسەر قەڵای شارەکە ئاگر دەکرێتەوە و پارێزگار و نوێنەری حیزبە کوردییەکان بەشدار دەبن، بەڵام کۆبوونەوەی جەماوەری و ئاهەنگی فەرمی ناکرێت و خەڵک ئازادن لە بەشداریکردن.

ئامەد؛ جیاواز لە شارەکانی هەرێم، لە ئامەد ئامادەکاری بۆ نەورۆزێکی ملیۆنی کراوە و بڕیارە پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بخوێندرێتەوە و میوان لە هەموو پارچەکانی کوردستانەوە بانگهێشت کراون.













گەلەری