سەردێڕ:

شاندی دانوستانکاری هەرێم وردەکاریی رێککەوتەکەیان لەگەڵ عێراق ئاشکراکرد

PM:11:37:17/03/2026

1548 جار خوێندراوەتەوە

شاندی دانووستانکاری هەرێم وردەکاری رێککەوتنەیەکەیان لەگەڵ عێراق ئاشکرا کرد و رایگەیاند، هەردوولا رێککەوتن لەسەر گرتنەبەری رێکارییە ئاسایشییە پێویستەکان بۆ پاراستنی سەلامەتی کێڵگە نەوتییەکان و دڵنیابوون لە بەردەوامی هەناردەکردنی نەوت.


ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ـی ئازاری ٢٠٢٦، شاندی دانووستانکاری هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق و حکومەتی هەرێم ئەنجامدرا، تایبەت بە بابەتی هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، شاندی دانوستانکارى هەرێم، لە چوارچێوەی شەراکەتی دەستووریی و لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی نیشتیمانی، جەختی کردەوە لەسەر ئامادەیی تەواوی هەرێمی کوردستان بۆ گرتنەبەری هەر رێکار و هەنگاوێک کە ببێتە هۆی زیادکردنی داهاتی گەنجینەی گشتی و چارەسەری قەیرانی دارایی، بە تایبەتی لەم بارودۆخە هەستیارەی ئێستای ناوچەکەدا، بە مەبەستی دابینکردنی مووچە و بژێوی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان.

ئاماژە بەوەشکراوە، "حکومەتی هەرێم ڕەزامەندی خۆی دەربڕی بۆ هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی کەرکووک، هاوتا لەگەڵ نەوتی کێڵگەکانی هەرێم، لە رێگەی بۆڕی نەوتی هەرێم - جەیهان.

دەشڵێن، بۆ ئەم مەبەستە، هەردوو حکومەت رێککەوتن لەسەر ئەوەی لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدڕاڵیی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم پێکبهێنن، بۆ دەستپێکردنی هەنگاوە تەکنیکیی و کارگێڕییە پێویستەکان، بە مەبەستی دەستپێکردنی هەناردەکردنی نەوت لە سبەینێوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە ڕێگەی بۆری هەرێم، لەگەڵ گەڕانەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەناردەکراو بۆ گەنجینەی گشتی فیدڕاڵ.













گەلەری