PM:10:15:11/03/2026
592 جار خوێندراوەتەوە
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا داوا لەهاوڵاتیانی خۆی دەکات بەزووترین کات عێراق جێبهێڵن، دەشڵێت، ئەو ناوچانەی پێشتر كراونەتە ئامانج هەموویان مەترسیدارن و لێی نزیك مەبنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ـی ئازاری ٢٠٢٦، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا لەڕاگەیەندراوێكدا ئاشکرای کرد، سەلامەتی هاوڵاتیانی ئەمریکی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مارک روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لەکارە هەرە لەپێشینەکانە، حکومەتی واشنتن لەئێستا سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی بژاردەی دیکەیە بۆ هاوکاریکردنی هاوڵاتییەکانی بۆ جێهێشتنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
باڵیۆزخانەکە هۆشداری توندی داوەتە هاوڵاتیانی و وتوویەتی،"ئێران و
گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی، هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر سەلامەتی گشتی دروست دەکەن".
ئاماژە بەوەش کراوە، پێشتر هێرش کراوەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق،
لەوانەش هۆتێلەکان، کۆمپانیاکان و ژێرخانی هەستیار، هەروەها مەترسی رفاندنیش لەسەر
هاوڵاتیانی ئەمریکی هەیە و دەڵێت، ئەوانە ناوچەی مەترسیدارن.
هەروەها باڵیۆزخانەکە رێنمایی هاوڵاتیانی دەکات کە خۆیان لە کۆبوونەوەو شوێنە
گشتییەکان بەدوور بگرن، بەتایبەت ئەو شوێنانەی پەیوەندییان بە ئەمریکاوە هەیە، سەبارەت
بەو کەسانەشی کە ناتوانن یان بڕیاری مانەوەیان داوە، داوایان لێکراوە لەشوێنی
ئارامدا بمێننەوەو خۆراکی پێویست، ئاو، دەرمان و پێداویستییە سەرەکییەکانیان یەدەگ
بکەن.